Sarmand Hameed
27 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2019
عێراق - AA
ژمارەیەک چەکداری نەناسراو بەمووشەک هێرشیان کردە سەر بنکەی سەربازیی K1 باکووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک.
ئەفسەر لە پۆلیسی کەرکووک، حامد عوبێدی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی بە دوو مووشەک بنکەی سەربازیی K1 یان لە باکووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک، کردە ئامانج.
حامد عوبێدی ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ئاکامی هێرشەکەدا کارمەندێکی ئەمنی برینداربوو، هاوکات هیچ زیانێک بەر کەولوپەلە سەربازییەکانی نێو بنکە سەربازییەکە نەکەوت.
ئەفسەرەکەی پۆلیس راشیگەیاند، دوای رووداوەکە هێزە ئەمنییەکان لە ناحییەی یایچی دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گرت کە مووشەکەکانی ئاراستەی بنکە سەربازییەکە کردبوو.
بە گوتەی عوبێدی، لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا دەست بەسەر چەند موشەکێکدا گیراوە.
رۆژی ١٠کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧، هێزە عێراقییەکان بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و دوای سێ ساڵ لە شەڕێکی سەخت دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش تەواوی ئەو رووبەرەیان کۆنتڕۆڵکردەوە کە بە یەک لەسەر سێی خاکی عێراق هەژمار دەکرا کە داعش لە هاوینی ٢٠١٤ کۆنتڕۆڵی کردبوو.