Dlshad Saifaalddin Ahmed
30 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2019
سلێمانی ـ AA
كاڵەك بەرووبومێكی هاوینەیە و ساڵانە لە هەرێمی كوردستان لە مانگی تەمووز پێ دەگات، هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لەم وەرزەدا خواستێكی زۆریان لەسەر بەرهەمی شووتی و كاڵەك هەیە .
كاڵەك لە رووی تەندروستییەوە سوودی زۆری هەیە و هەڵگری چەندین ڤیتامینی بەسوودە، ئەوەیش وای كردووە خواستی زیاتری لەسەر بێت.
لە نزیك گوندی بێستانسوور لە دەشتی شارەزوور لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ژمارەیەك لە جووتیاران سەرقاڵی رنینی كاڵەكن.
ئەوان بەیانییان زوو دەچنە نێو بێستانەكانیان و بە گەورە و بچووك سەرقاڵی رنینی كاڵەكن، دواتر رەوانەی عەلوەی سلێمانی دەكەن بۆ فرۆشتن.
فەلاح محەمەد جووتیارێكی ناوچەكەیە و سەرقاڵی رنینی كاڵەك بوو، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمساڵ بە هۆی باران بارینی زۆری وەرزی زستانەوە لە رووی بڕ و جۆرەكەشییەوە كاڵەكێكی باشمان هەیە و بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر باشترە".
ئەوەی جووتیارانی هەرێمی كوردستانی نیگەران كردووە كەمی نرخ و ساغ نەبوونەوەی بەرهەمەكانیانە وەك پێویست لە بازاڕەكاندا، ساڵانەش داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن رێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر و هاوكاری جووتیاران بكات.
فەلاح محەمەد لەو بارەیەوە گوتی: "ئەوەی كێشەی بەردەوامی ئێمەیە كەمی ئەو داهاتەیە کە لە رێگای كشتوكاڵکردنەوە دەستمان دەكەوێت، بە نموونە ئەو كاڵەكەی كردومانە بڕێكی باش و زۆری هەیە، بەڵام لە بازاڕدا پارە ناكات و هەقی ماندوبوونەكامان بۆ دەرناهێنێتەوە".