Zana Natık Kerem
09 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2026
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، حەیدەر عەبودی دەستگیرکردنی ئەندامانی تۆڕێکی ڕاگەیاند کە پلانیان ھەبووە بە دڕۆن ھێرش بکەنە سەر چەند ئامانجێکی دیاریکراو.
ئاژانسی ھەواڵی فەرمی عێراق "INA" بڵاوی کردەوە کە حەیدەر عەبودی لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ئاشکرای کردووە: "دەزگای دژە تیرۆر و دەزگای ھەواڵگریی نیشتمانی لە ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەشدا، تۆڕێکیان ھەڵوەشاندووەتەوە و ئەندامانی تۆڕەکەشیان دەستگیر کردووە و دەستیان بەسەر ژمارەیەک دڕۆنی ئەو تۆڕەدا گرتووە".
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق باسی لەوەش کردووە کە ئەندامانی تۆڕەکە بەر لەوەی دەستگیر بکرێن، پلانیان ھەبووە ھێرش بکەنە سەر چەند ئامانجێکی دیاریکراو.
حەیدەر عەبودی ڕاشیگەیاندووە ئۆپەراسیۆنەکە زۆر بە وردی بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی تۆڕەکە ئەنجامدراوە و گوتوویەتی: "ئەم ئۆپەراسیۆنە، پەیامێکی دڵنیاییە بۆ شەقامی عێراقی، لەوەی ھێزە ئەمنییەکان لە ڕێگەی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، عەلی زەیدی بەردەوامن لە ھەوڵەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات".