Hawkar Yaseen
13 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2021
هەولێر - AA
ژمارەیەک لە خاوەن پێداویستی تایبەت لە سلێمانی، هەولێر و دهۆک لەبەردەم دەرگای ئەنجوومەنی وەزیران لە هەولێر بۆ داواکردنی مووچە و بژێوی ژیانیان خۆپیشاندانیان کرد و رایانگەیاند کە ناڕۆن تاوەکو وەڵام نەدرێنەوە.
خاوەن پێداویستی تایبەت لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران خیوەتیان هەڵداوە و داواش لە خێرخوازان و چالاکوانانی هەولێر دەکەن بچن بۆلایان و هاوکارییان بکەن.
سەرۆکی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان، سامان حوسێن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئێمە ئەمڕۆ یەکەمین رۆژی مانگی رەمەزان لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر شەقامەکان بە خێمەهەڵدان دەستپێدەکەین، پێشتر بەڵێنماندا دابوو ئەگەر حکوومەت لە رەمەزاندا بیر لە کەمئەندامان نەکاتەوە و بڕیارێکی چارەنووسساز نەدات بۆئەوەی رەمەزان بە سکی برسی و گیرفانی بەتاڵ نەگرین ئێمە دەچینە هەولێر، ئەوا ئەمڕۆ خۆم و زیاتر لە ٣٠٠ کەمئەندام هاتووینەتە بەردەمی ئەنجوومەنی وەزیران لە پایتەختی هەرێمی کوردستان، لێرە خێمە هەڵدەدەین و دەمێنینەوە".
گوتیشی: "لەسەر شەقامەکان دەخەوین هەتا ئەو کاتەی حکوومەت بە جددی بیر لە ژیان و گوزەرانی کەمئەندامان دەکاتەوە، یان ئەوەتا مووچەیەکی زیادە دەدات بە کەمئەندامان یان ئەوەتا دیاری خۆی بۆ رەمەزان سەرف دەکات یان ئەوەتا ئێمە لێرە دەمێنینەوە، چونکە ماڵە برسییەکان و گیرفانە بەتاڵەکان لەگەڵ شەقامەکان هیچ جیاوازییەکی نییە، داوا لە خەڵکی هەولێر و خێرخوازانی هەولێر دەکەم، ئێمە میوانی ئێوەین و لەسەر ئەم شەقامە کەمئەندامان بە زمانی بەڕۆژووەوە میوانی ئێوەن وەرن بۆلامان، رێکخراوەکانی شاری هەولێر و چالاکوانەکانی هەولێر و میدیاکان داواتان لێدەکەین بەجێمان مەهێڵن".
سامان حوسێن راشیگەیاند "ئێمە نەهاتووین شەقامەکان بگرین و گێرەشێوێنی دروست بکەین هاتووین لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران خێمەمان هەڵداوە لێرە دەخەوین و لێرە دەمێنینەوە، بە سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکان و پەرلەمانتاران دەڵێین 'رەمەزان بە سکی برسی و گیرفانی بەتاڵ ناگیرێت'، هەتاوەکو کەی سووکایەتی بە کەمئەندامان و برسیکردنمان، هەتاوەکو کەی کەمئەندامان دەبێت ١٠٠ هەزار دینار وەربگرن بۆچی خۆتان دەیان ملیۆن دینار مووچەتانە".
سەرۆکی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان گوتیشی: "ئێمە کچ و کوڕی ئێوەین، کوڕی ئەم میللەتەین و لە پێناوی ئەم میللەتەدا کەمئەندام بووین، فریای ژیانی کەمئەندامان بکەون، هەزاران خێزان ناویان لەلای ئێمە نووسیوە کە تەنیا داوای پێنج کیلۆ برنج دەکەن یان داوای قوتی رۆژێک دەکەن، ئێمە هاتووین ئەو پەیامە بگەیەنین".