Zana Natık Kerem
15 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
لە پارێزگاکانی زیقار، بەسرە، واست و میسان خۆپیشاندان ئەنجامدرا و لە میانیدا خۆپیشاندەران داوای خزمەتگوزاریی و رەخساندنی دەرفەتی کاریان کرد.
ژمارەیەک شایەتحاڵ لەو پارێزگایانە بە ئاژانسی ئانادۆڵویان راگەیاند کە ژمارەیەکی زۆری خۆپیشاندەران لەو چوار پارێزگایەدا، خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە و لە میانیدا بە سووتاندنی تایەی ئۆتۆمبێل، رێگا سەرەکییەکانیان داخستووە.
بەگوتەی شایەتحاڵەکان ژمارەیەکی زۆر لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان لەگەڵ کەسانی بێکار بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە و ئاماژەیان بەوەیشداوە کە لە میانی خۆپیشاندانەکاندا، خۆپیشاندەران داوایانکردووە دەرفەتی کاریان بۆ برەخسێندرێت و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک ئاو و کارەباشیان بۆ دابین بکرێت.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رێژەی بێکاری لە عێراق گەیشتووەتە ٢٧ لەسەدا و رێژەی ھەژاریش گەیشتووەتە ٣١،٧ لەسەدا.
لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩وە تا ئێستا بەھۆی خراپی رەوشی ئابوورییەوە، خۆپیشاندان لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، ئەنجام دەدرێن.