Zana Natık Kerem
02 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2022
ھەولێر ــ AA
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا، فەرمانی دیوانی ژمارە (٢٩) بۆ ساڵی ٢٠٢٠ تایبەت بە پێکھێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە گەندەڵیی و تاوانەکان دەرکراوە، ھەڵبوەشێندرێتەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی دادگای باڵای فیدراڵیی بڵاوی کردەوە کە دادگای باڵای فیدراڵیی بڕیارداوە بە ھەڵوەشاندنەوەی فەرمانی دیوانی ژمارە (٢٩) بۆ ساڵی ٢٠٢٠ کە تایبەت بە پێکھێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە گەندەڵیی و تاوانەکان دەرکراوە، چونکە فەرمانەکە پێچەوانەی رێساکانی ماددەی (٧٣/یەکەم/١) دەستوورە کە تیایدا پاراستنی ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ دەستبەرکراوە، ئەوەیش پشت بەستن بە بنەمای جیاکردنەوەی نێوان دەسەڵاتەکان کە لە ماددەی ٤٧ی دەستووردا ئاماژەی پێ کراوە، ھەروەھا بنەمای سەربەخۆیی دادگا و تایبەتمەندییەکەی، لەوەی بەپێی ماددەکانی ٨٧ و ٨٨ی دەستوور لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی لە ئەستۆدایە و ھاتووە "بەڵام فەرمانەکە وەک ھەموارکردنەوەی یاسای دەستەی دەستپاکی دەبیندرێت، بەو پێیەی دەستەیەکی دەستوورییە و تایبەتە بە لێکۆڵنەوە لە گەندەڵیی دارایی و کارگێڕیی".
ھەروەھا راشیگەیاندووە کە دادگا ئەو بڕیارەی پشت بەستن بەو دەسەڵاتەی کە لە بەندی سێیەم لە ماددەی ٩٣ی دەستوور پێی دراوە دەرکردووە.
مستەفا کازمی دوای ئەوەی لە ٢١ی ئایاری ٢٠٢١دا بوو بە سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ٢٠٢٠دا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە گەندەڵیی و تاوانەکان پێکھێنا.