Heman Hussein Yaseen
29 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 30 تشرینی دووەم 2019
هەولێر - AA
دوای ئەوەی خۆپێشاندەرانی عێراق داوای هەموارکردنەوەی دەستووری عێراقیان کرد و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش رێکارە یاساییەکانی گرتووەتەبەر و لیژنەیەکی بۆ ئەم مەبەستە پێکهێناوە کە ماوەی چوار مانگ مۆڵەتیان لەبەردەستە بۆ کۆکردنەوەی بۆچوون و دید و تێڕوانینی کۆمەڵانی عێراق.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە دەستپێکی خۆپێشاندانەکان بۆ نەبوونی خزمەتگوزاری و دۆزینەوەی کار بوو، بەڵام دواتر داواکارییەکان گۆڕان بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور و ئەوانیش وەکو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەنگاوە یاساییەکانییان گرتووەتەبەر.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر خەلیل حەداد لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پرسی هەموارکردنەوەی دەستوور بابەتێکی دەستوورییە، ئەم خۆپێشاندانانەی ئەم دواییەی عێراق لە سەرەتادا داوکارییەکانییان خزمەتگوزاری، دامەزراندن و هەلیکار بوو، بەڵام دواتر هەندێک داواکاری سیاسیی خزایە نێو داواکارییەکان کە یەکێک لەوانە هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق بوو، بۆیە ئێمەش وەکو ئەنجوومەنی نوێنەران بە بابەتێکی دەستووریمان زانی، لیژنەیەکمان بۆی پێکهێنا و ئەو لیژنەیە ئێستا دەستبەکارە، بۆ ئەوەی را و بۆچوونی چین و توێژەکان وەربگرێت، لەم چوارچێوەیەشدا ئێمەش کۆمەڵێک را و بۆچوون وەردەگرین بۆ ئەوەی بزانین ئێمەی کورد چیمان دەوێت و چۆن دەتوانین مامەڵە لەگەڵ ئەو هەموارکردنەوەیەدا بکەین بە شێوەیەک کە سوودی لێ وەرگرین".
بەشیر حەداد گوتیشی: "لیژنەکە ئێستا لە قۆناغی کۆکردنەوەی بیر و بۆچوونەکانی لایەنەکان و چین و توێژەکاندایە، دواتر هەموو ماددەکان پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و بزانین کام ماددە زیاتر لەلایەن را و بۆچوونەکانەوە جەختی لەسەر دەکرێتەوە ئەوا کار لەسەر ئەو دەکرێت".
لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ پێکهاتەکانی عێراق و داواکاریی پێکهاتەکان بۆ ئەم مەبەستە، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد گوتی: "ئێمە تەنها داکۆکیکار نابین لە مافی هەرێمی کوردستان بەڵکو داکۆکیکاری مافی هەموو عێراقییەکان دەبین بە پێکهاتەکانیشەوە. لە بەغدا نوێنەری پێکهاتەکانمان بینووە و پێمان راگەیاندن کە داکۆکیکاری مافەکانیان دەبین و چاوەڕوان دەکەین ئەوان را و بۆچوونەکانی خۆیان بخەنەڕوو بۆ ئەوەی ئێمەش لە راپۆڕتێکدا بیخەینە بەردەم لیژنەکە و کاری لەسەر بکرێت".
دەربارەی ئەو ماددانەی کە مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، بەشیر حەداد گوتی: "هەندێک ئەو ماددانەی دەسەڵاتی هەرێم و بوونی هەرێم ئیقڕاری پێکراوە، ناڵێم ترسی لەسەرە، بەڵام دەبێت ئاگاداری بین، رەنگە دەست بۆ بابەتی فیدرالییەت ببردرێت".
ئەو ئاماژەی بەوەشکرد کە هێشتا هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان دیارنییە تا ئەو کاتەی پڕۆژەکە دێتە ناو پەرلەمان و گوتیشی: "لایەنەکان تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی دیاریکراویان نەبووە، دەبێت چاوەڕوان بکەین تا پڕۆژەکە دەگاتە پەرلەمان و ئەوکات هەڵوێستەکان روون دەبێتەوە".
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی لەوەشکردەوە کە ئەنجوومەنی نوێنەران رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە هێورکردنەوەی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی عێراق و لەمبارەیەوە بەشیر حەداد گوتی: "ئەنجوومەنی نوێنەران رۆڵێکی باشی بینووە لە هێمنکردنەوەی بارودۆخەکە و لە یەکەم رۆژیەوە بانگی نوێنەرەکانمان کردووە، ژمارەیەک بڕیاریشمان دەرکردووە، لە هەمانکاتدا پاڵپشتی حکوومەتیش دەکەین بۆ ئەوەی بڕیارەکان بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە".