Sarmand Hameed
19 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 21 حوزەیران 2020
بەغدا - AA
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق رایگەیاند، بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ وەزیری پێشووتری دارایی، رافع عیساوی دەکراوە، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەتۆمەتی تیرۆر.
رافع عیساوی کەسایەتییەکی سوننەیە و لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠-٢٠١٣ لە حکوومەتەکەی نوری مالیکی (٢٠٠٦-٢٠١٤) وەزیری دارایی بوو.
عیساوی لە ئاداری ٢٠١٣دا دەستی لەکارکێشایەوە و هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ "ناڕەزایەتیی دژ بە سیاسەتی تائیفی کە نوری مالیکی دژ بە سوننە پەیڕەوی کرد".
دەستلەکارکێشانەوەی عیساوی لە پۆستی وەزیری دارایی دوای ئەوە هات کە ناوبراو بە تێوەگلانی له پرسی تیرۆر تۆمەتبار کرا، دوای ئەوەی یەکێک لە پاسەوانەکانی دەستگیرکرا و ئەو کات راگەیەنرا کە پاسەوانەکەی دانی بەوەداناوە کە دەستی هەبووە لە کاری تیرۆر بە هەماهەنگی لەگەڵ جێگری ئەوکاتی سەرکۆمار، تارق هاشمی.
لە بەرامبەردا تارق هاشمی ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە، هاوکات عیساوی بەهەمان شێوە تۆمهتهكانی رەتکردەوە و رایگەیاند کە ئامانج لەو تۆمەتانە، کردنە ئامانجی پێکهاتەی سوننەیە لە عێراقدا.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دادوەری تایبەتمەند بە سەیرکردنی دۆسیەی دەزگای دژە تیرۆر، رۆژی ١٦ی حوزەیران بڕیاریداوە بە دەستبەسەرکردنی تۆمەتبار، رافع عیساوی بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەمەبەستی لیكۆڵینەوە لەگەڵیدا لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کردووە، دوای ئەوەی خۆی رادەستی لایەنی پەیوەندیدار کردووە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە تۆمەتباری ناوبراو پێشتر و بەبێ ئامادەبوون بەهۆی تێوەگلانی بەتۆمەتی گەندەڵی کارگێڕی لەوکاتەی کە وەزیری دارایی بووە، سزای بەندکردنی بۆ دەرکراوە.
لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٧دا، دادگا دوو سزای بەسەر عیساوی-دا سەپاند کە هەریەکێکیان بەندکردن بوو بۆ ماوەی حەوت ساڵ، ئهوهش به تۆمەتی زیانگەیاندن بە سامانی گشتیی لەوکاتەی کە وەزیری دارایی بووە.
لە بەرامبەردا رافع عیساوی ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە، لە ئێستادا کە تۆمەتی تیرۆری خراوەتە پاڵ، ئەگەر بەسەریدا ساغ ببێتەوە ئەوا سزاکەی تا لەسێدارەدان دەڕوات.