Zana Natık Kerem
09 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر ــ AA
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، قاسم ئەعڕەجی گەیشتە قەزای شنگال و لەگەڵ بەرپرسانی حکوومی و کەسایەتییەکانی ناوچە کۆبووەوە.
بە پێی زانیارییەکان، قاسم ئەعڕەجی بەیاوەری قایمقامی قەزای ناوەندی مووسڵ، زوھێر ئەعڕەجی و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا، لیوا روکن عەبدولخالق خیکانی و بەڕێوەبەری ئاسایش و ھەواڵگری نەینەوا و فەرماندەی فیرقەی ١٥ی پیادە و فەرماندەی لیوای ٧٢ی پیادە، گەیشتووەتە قەزای شنکال و لە میانیدا لەگەڵ بەرپرسانی حکوومی و کەسایەتییەکانی ناوچە کۆبووەتەوە.
ئەم سەردانەی قاسم ئەعرەجی لە کاتێکدایە کە ھەردوو حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایانگەیاندبوو کە لەسەر ئاساییکردنەوەی رەوشی قەزای شنگال و گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ قەزاکە رێککەوتوون.
رۆژی ٩ی ئەم مانگە، هەردوو حکوومەتی فیدڕال و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێککەوتن لەبارەی ئاساییکردنەوەی رەوشی ئەمنی و ئیداری شنگال کە بەپێی ناوەڕۆکەکەی حکوومەتی فیدراڵی ئیدارەی دۆسیەی ئەمنی شارەکە دەکات و کۆتایی بە بوونی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە و ھەموو ئەو گرووپانەی پەیوەندیان بەو رێکخراوەوە ھەیە، دەھێنرێت.
