Heman Hussein Yaseen
09 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٩٠٠ حاڵەتی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و ٢٤ حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە، بەمەش کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە ٨٥ ھەزار و ٦٣ حاڵەت و گیانلەدەستدانیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گەیشتە دوو ھەزار و ٦٨٢ کەس.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، شەش ھەزار و ٩٩ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە و دەرەنجام ٩٠٠ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستدان لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، بەم شێوەیەی خوارەوە تۆمارکراوە:
پارێزگای ھەولێر، ٣٠٣ تووشبوو، دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان.
پارێزگای سلێمانی، ١٩٨ تووشبوو، چوار حاڵەتی گیانلەدەستدان.
پارێزگای دھۆک، ٣٠٣ تووشبوو، حەفت حاڵەتی گیانلەدەستدان.
پارێزگای ھەڵەبجە، ٤٤ تووشبوو، دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان.
ئیدارەی گەرمیان، ٣٨ تووشبوو، سێ حاڵەتی گیانلەدەستدان.
ئیدارەی راپەڕین ١٤ حاڵەتی تووشبوو، شهش حاڵەتی گیانلەدەستدان.
ئاماژە بەوەشدراوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٢٧٥ نەخۆش دوای چارەسەری پزیشکی چاکبوونەوەتەوە، ھاوکات لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا ٧٠٤ ھەزار و ٨٠٤ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بەڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە، ٨٥ ھەزار و ٦٣ تووشبوو کە ٣١ ھەزار و ٢٦٢ لە ھەولێر، ٢٤ ھەزار و ٦٢٣ لە سلێمانی، ٢٦ ھەزار و ٤٢٨ کەس لە دھۆک و دوو ھەزار و ٧٥٠ لە ھەڵەبجە بووە، لەنێویاندا دوو ھەزار و ٦٨٢ حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە کە ٧٥١ لە ھەولێر، ھەزار و ٣٠٤ حاڵەت لە سلێمانی، ٥١٩ لە دھۆک و لە ١٠٨ حاڵەت ھەڵەبجە بووە.