Rewa Mahmood Hasan
09 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2021
سلێمانی - AA
لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە کارگێڕییەکان، بەڕێوەبەری نوێی ناحیەی بەکرەجۆ دەست بەکار بوو، قایمقامی سلێمانی-یش رایگەیاند، گۆڕانکارییەکان لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانی پارێزگای سلێمانی-دایە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە نۆی ئەیلوولی ٢٠٢١ لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی قایمقامی سلێمانی، ئاوات محەمەد، عوسمان ئەنوەر لە پۆستی بەڕێوەبەری نوێی ناحیەی بەکرەجۆ دەست بەکار بوو.
لە گوتەیەکدا دوای پیرۆزبایی، قایمقامی سلێمانی گوتی: ''دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەری نوێی ناحیەی بەکرەجۆ لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانی پارێزگای سلێمانی-دایە، بەڕێوەبەری نوێی ناحیەی بەکرەجۆ ئەزموونێکی زۆری ھەیە و دڵنیایین دەتوانێت خزمەتی زیاتری دانیشتوانی ناحیەکە بکات".
ئاوات محەمەد پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆی بۆ بەڕێوەبەری نوێی ناحیەی بەکرەجۆ دەربڕی و رایگەیاند ''بەھەماھەنگی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان دەتوانین پێکەوە خزمەتی زیاتر بە ھاووڵاتییانی سلێمانی بکەین و داواکاری و داخوازییەکانیان لە ئاستێکی باڵادا لە بەرچاو بگرین".
ناحیەی بەکرەجۆ یەکێکە لە ناحیەکانی سەربە پارێزگای سلێمانی و لەڕووی کارگێڕییەوە سەربە قەزای ناوەندی سلێمانی-یە و لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی دوای هەشتی تەمووز کە لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و چەند پۆستێکی ئیداریی و ئەمنییدا کرا، بەڕێوەبەری ناحیەی بەکرەجۆ لە کارەکەی دوورخرایەوە.
بەپێی فەرمانی ١٦٥٦ی وەزارەتی ناوخۆ كە لە ٢٥ی ئابی ٢٠٢١ دەرچوو، بڕیاردرابوو بە دوورخستنەوەی لوقمان رەئوف لە پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی بەكرەجۆ و گواستنەوەی ئەركەكەی بۆ ناو دیوانی پارێزگای سلێمانی.
هەر بەپێی فەرمانەكە لە شوێنی لوقمان رەئوف، عوسمان ئەنوەر شارباژێڕی لە پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ-ەوە گواسترایەوە و کرایە بەڕێوەبەری ناحیەی بەكرەجۆ.