Zana Natık Kerem
01 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2022
ھەولێر ــ AA
شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراقی، بەسەرۆکایەتی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر شممەری بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی ئەمنی و دۆخی ئاوارەکان، گەیشتە قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە کە ئەمڕۆ دووشەممە، عەبدولئەمیر شممەری بەیاوەری فەرماندەی ھێزە وشکانییەکان، فەریق روکن قاسم محەمەداوی و ژمارەیەک ئەفسەر گەیشتووەتە قەزای شنگال.
باسی لەوەش کردووە کە ئامانج لە سەردانەکە، ئاگاداربوونە لە رەوشی ئەمنی و دۆخی ئاوارەکانە لە قەزای شنگال.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە شاندەکە لە میانی سەردانەکەی بۆ قەزای شنگال لەگەڵ پارێزگاری نەینەوا، نەجم جبوری و نوێنەری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، ھەروەھا نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و ژمارەیەک لایەنی پەیوەندیدار کۆبووەتەوە و ھاتووە "لە کۆبوونەوەکەدا، لەبارەی ژمارەیەک پرس کە تایبەت بوون بە پەرەپێدان بە بوارە ئەمنیی و خزمەتگوزارییەکان، ھەروەھا پتەوترکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتیی و ھاریکارییەکانی نێوان ھێزە ئەمنییەکان و ھاووڵاتییان لە قەزای شنگال، گفتوگۆکراوە".