Zana Natık Kerem
04 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 06 ئاب 2020
بەغدا ــ AA
سەركۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح داوای كرد كە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردی پێشوەختە، بە چاودێری نێودەوڵەتیی لە عێراق ئەنجام بدرێت، هەروەها داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات كە بەپەلە یاسای هەڵبژاردنەكان تەواو بكات و رەوانەی سەرۆكایەتی كۆماری بكات، تا پەسەند بكرێت.
بەرهەم ئەحمەد ساڵح لە بەیاننامەیەكدا سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەخت رایگەیاندووە، "لە دوایین كۆبوونەوەی هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراقدا ئەم پرسەمان لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران تاوتوێ كرد، پێكەوە جەختمان لە گرنگی پەیوەستبوون بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختی ئازاد، پاك و بێگەرد كردەووە".
سەركۆماری عێراق لە بەیاننامەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە كە جەخت لە گرنگی كاركردنی لێبڕاوانە دەكەنەوە، چونكە تەنگژە سیاسییەكەی عێراق بواری بۆ خۆدزینەوە و خەمساری و خاوخلیچكی نەھێشتۆتەوە و راگەیاندووە "ئەو دۆخە ناهەموار و ئازاربەخشەی كە یەخەی گەلی عێراقی گرتووە، پێویستی بە بڕیارێكی نیشتمانیی ئازایانە هەیە كە هەڵقوڵاوی بەركەوتە و مافی گەل بێت لە دیاریكردنی حكوومەتێكی نیشتمانیی سەربەخۆی تۆكمە، لەسایەی هەڵبژاردنێكی ئازادی پاك و بێگەردا".
سەركۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح هەروەها رایگەیاندووە "داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەكەین، بەپەلە یاسای هەڵبژاردنەكان تەواو بكات و رەوانەی سەرۆكایەتی كۆماری بكات، تاكو لای خۆمانەوە پەسەندی بكەین و حكوومەتیش دەست بە جێبەجێكردنی بكات. ھەروەها داواكارین پەلە بكرێت لە هەمواركردنەوەی یاسای دادگای باڵای فیدرال".
بەرهەم ئەحمەد ساڵح ئاماژەی بەوەیش داوە "جەختیش لەوە دەكەینەوە كە لە عێراق توانای دابینكردنی بوودجە و ئاسانكارییە پێویستەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانمان ھەیە، بەجۆرێك كە كۆمیسیۆن بتوانێت سەربەخۆیی خۆی و پاك و بێگەردی ھەڵبژاردنەكان دەستەبەر بكات".
لە كۆتایی بەیاننامەكەی سەركۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح-دا هاتووە "كرۆكی ئەو تەنگژەیەی كە ئێستا بەرۆكی عێراقی گرتووە و بەدەستییەوە دەناڵێنێت، هەڵقوڵاوی تەشەنەكردنی گەندەڵی و كاریگەرییە راستەوخۆكانیەتی كە ھەردەم بەربەستن لەبەردەم ھێنانەدی چاكسازییە داواكراوەكان، ئەو گەندەڵییە تەنانەت خۆی خزاندۆتە ناو پڕۆسەی هەڵبژاردنیشەوە بەهۆی ئەو یاریكردن و ساختەكارییەی كە بە ئەنجامەكانییەوە دەكرێت، ئەمەیش بووەتە هۆی بێ متمانەی هاووڵاتییان و خۆبەدورگرتن و رەوینەوە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكاندا".