Abdullah Shukur,Sarmand Hameed
10 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2019
سلێمانی - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح لە میانی بەشداریکردنی لە مەراسیمی عاشووردا گوتی: "یادەوەری ئیمام حوسەین داوامان لێدەکات کەھەمیشە ڕیزەکانمان یەکبخەین و گیانی برایەتی و لێبوردەیی زاڵ بکەین".
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە رێککەوتی ٢٠١٩/٩/٩ سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح بە بۆنەی شەھیدبوونی ئیمام حوسێن سەلامی خوای لێ بێت لە مزگەوتی بەرزنجە بەشداری لە مەراسیمی عاشوورا کردووە.
بەرھەم ساڵح لە میانی بەشداریکردنی لە مەراسیمی عاشوورادا رایگەیاندووە: "یادەوەری ئیمام حوسەین داوامان لێدەکات کەھەمیشە ریزەکانمان یەکبخەین و گیانی برایەتی و لێبوردەیی زاڵ بکەین و بەگژ گەندەڵی و زوڵم و زۆرداریدا بچینەوە. ھەروەک چۆن بینیشمان کە پێکھاتەکانی عێراق بە کورد و عەرەب و تورکمان و موسوڵمان و مەسیحی و ئێزیدی و سابئییەکان بەیەکڕیز دژی دڕندەیی داعش وەستانەوە و بەنوێنەرایەتی ھەموو جیھان جەنگان و سەریشکەوتین".
ئەمەش دەقی وتارەکەیە:
بەناوی خوای گەورە و میھرەبان
خوشک و برایانی ئازیز، ماتەمگێڕانی ساڵڕۆژی شەھیدبوونی پێشەوای ئازادیخوازان ئیمام حوسەین سەلامی خودای لێ بێت سەرەتا لەم یادە بە ئازارەدا سەرەخۆشی لە خۆم و لە ئێوە و لەھەموو ئەوانە دەکەم، کە دەستیان گرتووە بە بەھا و پەیامە پیرۆزە بڵندەکانی ئەو پێشەوا مەزنەوە.
بەرجەستەبوونی کەسایەتی ئیمام حوسەین بەرجەستەبوونی ڕێبەرێکی ناوازەیە لەناو مێژووی ئینسانی و ئیسلامیدا، بوونی ڕێبەرێکە کە سیمبوڵی بەگژداچونەوەی زۆردارییە ھەتا ئەندازەی گیانبەخشین لە پێناوی بەدیھاتنی باوەڕی بەرز و پەیامی نەگۆڕ، کەئەویش بەرز ڕاگرتنی حەق و بەگژداچونەوەی زوڵم و زۆرداری بوو.
لە بەرزنجەی مەڵبەندی ناوداری کوردستان، ناوەندی عیرفان و تەریقەت مەڵبەندی سادات ئیلھامی ئەو پەیامە زیندووەی ئیمام حوسەین بەسەر دەکەینەوە دووبارەی دەکەینەوە کە لەگەڵ خۆیدا شۆڕشێکی بەردەوامی گەورەی فکری بۆ بەدیھێنانی یەکسانی و دادپەروەری لەو بەرەبەیانیەی مێژوەوە بۆ ئێستا بەدیھێنا، شۆڕشێک، کە ھەردەم بەھاکانی لە ناو دڵ و دەروون و بیرکردنەوەدا، بە نەمری دەمێننەوە و لە ئێستاشدا داوامان لێدەکات، لە پێناو بەردەوامبوونیدا، یەکێتی ریزەکانی گەلی بۆ ببپارێزین ھەتا لەو سۆنگەیەوە بنیاتنانەوە و چاکسازی و دادپەروەی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و عێراقیش بەدیبھێنین.
یادەوەری ئیمام حوسەین داوامان لێدەکات کەھەمیشە ڕیزەکانمان یەکبخەین و گیانی برایەتی و لێبوردەیی زاڵ بکەین و بەگژ گەندەڵی و زوڵم و زۆرداریدا بچینەوە. ھەروەک چۆن بینیشمان کە پێکھاتەکانی عێراق بە کورد و عەرەب و تورکمان و موسوڵمان و مەسیحی و ئێزیدی و سابئییەکان بەیەکڕیز دژی دڕندەیی داعش وەستانەوە و بەنوێنەرایەتی ھەموو جیھان جەنگان و سەریشکەوتین.
یادەوەری ئیمام حوسەین ھەردەم داوامان لێدەکات کە تێبکۆشین لە پێناو ئازادی و چاکەخوازی و بەخشین و بەخشندەیدا، ھەردەم داوامان لێدەکات بەئەوپەڕی ھۆشیاریەوە رووبەڕووی زوڵم و بێدادی و توندوتیژی بوەستینەوە و ئەو پڕۆژە چاکسازییە بەئاکام بگەیەنین کە لە کەربەلاوە چەخماخەی داو لە ئێستاشدا ئێمە لە پێناویدا لە بەرزنجەی کوردستاندا کۆبووینەتەوە.
سڵاو لە میوانان و زیارەتکاران و ماتەمگێڕانی ئیمامی حوسەین لە سەرانسەری عێراق و جیھان.
سڵاو لە گیانی پیرۆزی ئیمام حوسەین پێشەوای ئازادیخوازان کەیەکمان دەخات لەسەر رێز و شکۆمەندی بۆ ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵانی خەڵکی ئەم نیشتمانە.