Zana Natık Kerem
11 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 11 ئاب 2021
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی پرۆژەی رێگای خێرای ھاتوچۆی دۆرە-یوسفییەی لە باشووری بەغدا، ھەروەھا لە وردەکاری قۆناغەکانی پرۆژەکە کە تا ئێستا تەواوبوون زانیاری پێدرا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مستەفا کازمی لەگەڵ تیمەکانی ئەندازیاریی سەربە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و تیمی ئەو کۆمپانیایەی کە پرۆژەی رێگای ھاتوچۆی دۆرە-یوسفییە جێبەجێ دەکات کۆبووەتەوە و لە میانیدا سوپاسی تیمە ھونەریی و ئەندازیارییەکان و سەرجەم ئەو کرێکارانەی کردووە کە لە پرۆژەکەدا کار دەکەن و جەختیکردووەتەوە کە جێبەجێکردنی پرۆژەکە، دەبێت بە سەرەتایەک بۆ جێبەجێکردنی زۆرێک لەو پرۆژانەی کە تەنها وەک مرهکەبی سەر کاغەز ماونەتەوە و لەبەر ھۆکاری جیاجیا لە سەروویانەوە گەندەڵیی و خراپی بەڕێوەبردن، جێبەجێ نەکراون.
بەپێی راگەیەندراوەکە، کازمی روونیکردووەتەوە کە پڕۆژەکە ماوەی ساڵانێکی زۆرە دیزاین کراوە و گرنگی زۆری ھەیە و پێویستە ببێتە نموونەی راستکردنەوەی رەوشی وڵات لە ئایندەدا بە تایبەتیش ئەوەی کە پەیوەستە بە پەرەپێدان بە رێگا گرنگەکان لە عێراق و سەرجەم پرۆژەکانی دیکە.
سهرۆكوهزیرانی عێراق جەختیکردووەتەوە کە سەرجەم پێداویستییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە دابین دەکەن بە ئامانجی ئەوەی لە وادەی دیاریکراودا تەواو بکرێت، ھەروەھا سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی راسپاردووە کە گرنگی زیاتر بە دەروازەکانی بەغدا بدەن کە لە ئێستادا لە ئاست و پێگەی پایتەختدا نیین.
بەپێی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پڕۆژەی رێگای خێرای ھاتوچۆی دۆرە-یوسفییە یەکێکە لە رێگا گرنگ و ستراتیجییەکانی باشووری بەغدا و بە تەواوکردنی، جەنجاڵی ھاتوچۆ کەم دەبێتەوە.