Hawkar Yaseen
31 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2021
هەولێر AA
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، کازم فاروق لە دانیشتنی ژمارە پێنجی خولی بەهارەی پەرلەماندا، پیڵاوەکانی گرتە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامانی فراکسیۆنەکە دانیشتنی پەرلەمانیان بەجێهێشت.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، کازم فاروق گوتی: "ئەوەی کردم لەسەر راسپاردەی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کردوومانە و پێشتر وتومانە ئەگەر نەهێڵن قسە بکەین و کارنامەی پەرلەمان ئەو بابەتانە نەبێت کە پەیوەندەی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە پیڵاوەکانمان دەگرینە سەرۆکی پەرلەمان و ئەمڕۆش بۆیە ئەو کارەمان کرد".
گوتیشی: "خەمێکی گەورەمان هەیە ئەم پەرلەمانە رۆڵی گرنگی خۆی ببینێت، کەچی بەرنامەی کارەکەی ئەوەیە ئەگەر کەسێک سەری مەنهۆڵی دزی بە چەند بڕە پارە سزابدرێت".
کازم فاروق راشیگەیاند "لەگەڵ هاوڕێکانیدا دەیانەوێت باسی کێشەی خەڵک بکەن، نەک کۆمەڵە بابەتێک کە بەڕادەیەکی زۆر پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوە نییە لەئێستادا".
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق لە کاردانەوەی ئەوەی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ کردی گوتی: "دڵنیام دکتۆر کازم ئەم بەرنامەی کارەی نەخوێندووەتەوە کە لەبەر دەستتاندایە، هەر لە سەرەتاوە بۆ ئەوە هاتبوون کە ئەم کارە بکەن، بۆیە کردیان و رۆشتن، ئەگەر ئەم کارەی کردی بە تایبەت بۆ من بێت لێی دەبوورم، بەڵام ئەو کارەی کە کردی گوزارشت لە کەسایەتی و بۆچوونی سیاسیی خۆی دەکات".