Zana Natık Kerem
31 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2021
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵا، بەغدای پایتەختی بەجێھێشت و بەرەو سعوودیە بەرێکەوت.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، مستەفا کازمی بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵا بەغدای پایتەختی جێھێشتووە و بەرەو سعوودیە بەرێکەوتووە.
ئاماژە بەوەیشدراوە کە ئامانج لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بۆ سعوودیە، پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتە لەسەرجەم بوارەکاندا.
بەپێی راگەیەنراوەکە مستەفا کازمی لە سەردانەکەیدا بۆ سعوودیە ژمارەیەک دۆسیەی گرنگ کە پەیوەندییان بە چۆنیەتی پتەوترکردنی ھاوکارییە ھاوبەشەکانی نێوان بەغدا و ریازەوە ھەیە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکات.
پێشتر مستەفا کازمی بەرلەوەی بەرەو سعوودیە بەرێبکەوێت سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ سعوودیە تویتێکی بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردبوویەوە و نووسبووی "ئەمڕۆ بەسەردانێکی فەرمی بەرەو شانشینی عەرەبی سعوودیە بەڕێدەکەوین بەمەبەستی بتەوترکردنی پەیوەندییەکانی ھەردوو دەوڵەتی برا، ھەروەھا بۆ فراوانکردنی ھەماھەنگی برایانەی وڵاتانی ناوچەکە، بەجۆرێک کە لە خزمەتی گەلانی دراوسێ بێت و ببێتە ھۆی بەدیھێنانی ئۆقرەیی، تەواوکاری و بنیاتنان".
لە ماوەکانی رابردوودا شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز بانگھێشتنامەیەکی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کردبوو بۆ ئەوەی سەردانی ریاز بکات.