Zana Natık Kerem
20 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە عێراق رایگەیاند کە ماڵی سێ چالاکوانی خۆپیشاندانەکانی زیقار باشووری عێراق، لە لایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کراونەتە ئامانج.
لەمبارەیەوە ئەفسەرێک لە پۆلیسی زیقار کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند کە ژمارەیەک چەکداری نەناسراو، نارنجۆکێکیان فرێداوەتە ناو ماڵی چالاکوانی خۆپیشاندانەکان، رائید کەریم لە ناحیەی ئەلتار باشووری زیقار.
ئەفسەرەگە ئاماژەی بەوەیشدا کە تەقینەوەکە، تەنھا زیانی ماددەیی ھەبووە و گوتی: "ژمارەیەک چەکداری نەناسراوی دیکە، ھێرشیانکردووەتە سەر ماڵی چالاکوانی خۆپیشاندانەکان، سەجاد تاڵب ناوەڕاستی شاری ناسرییە سەنتەری پارێزگای زیقار".
باسی لەوەشکرد کە ھەروەھا ژمارەیەک چەکداری نەناسراوی دیکە، ھێرشیانکردووەتە سەر ماڵی چالاکوانی خۆپیشاندانەکان، عیماد جاسم لە قەزای ریفاعی باکووری زیقار.
ئەفسەرەکە راشیگەیاند کە ئەو ھێرشانە، زیانی گیانییان نەبووە، بەڵام ترس و دڵەراوکێی لەنێو دڵی کەسوکاری چالاکوانانی خۆپیشاندانەکانی زیقار دروستکردووە و ئاشکراشیکرد کە لایەنە پەیوەندارەکان لێکۆڵینەوەیان لەبارەیەوە دەستپێکردووە بە ئامانجی دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی ھێرشەکان.
لای خۆیەوە چالاکوانی خۆپیشاندانەکانی زیقار، تاھر محەمەدی رایگەیاند، ئەو ھێرشانە بە ئامانجی ترساندن و تۆقاندنی چالاکوانیان ئەنجامدراو بۆ ئەوەی چالاکوانان بەر لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە چاوەڕوان دەکرێت لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، ئەنجام بدرێت، بێ دەنگ بکرێن.
تاھر محەمەدی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:"پارتە دەسەڵاتدارەکان لەئێستادا ترسی ئەوەیان لا دروست بووە کە چالاکوانانی خۆپیشانەکان، دەتوانن دەنگی دەنگدەران لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا، بۆ خۆیان کۆبکەنەوە".