Zana Natık Kerem
12 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2021
ھەولێر ــ AA
لە پارێزگای دیالە رۆژھەڵاتی عێراق، دژبە خراپی رەوشی کارەبا و ئاو خۆپیشاندان ئەنجامدرا.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە کە ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتیی لە پارێزگای دیالە خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە و لە میانیدا ناڕەزایەتییان دەربڕیوە لەهەمبەر خراپی رەوشی کارەبا و ئاو.
ئاماژەیان بەوەیشداوە کە ھەر لە میانی خۆپیشاندانەکەدا، خۆپیشاندەران داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە بەخێرایی رەوشی کارەبا و ئاو لە پارێزگای دیالە چارەسەر بکەن، بۆ ئەوەی لە داھاتوودا کارەساتی مرۆیی و تەندروستیی لە پارێزگاکەدا روونەدات.
ھەروەھا ژمارەیەک خۆپیشاندەر بە میدیاکانی عێراقیان راگەیاندووە کە لەئێستادا، دانیشتوانی ٤٠ گوندی سنووری پارێزگای دیالە بێ ئاون و ئەگەری ھەیە ماڵوحاڵیان جێبھڵن.