Zana Natık Kerem
16 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2020
بەغدا ــ AA
دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق رایگەیاند کە شەش بارەگای خۆی لە بەغدای پایتەخت، بەھۆی سەرپێچیکردنی فەرمان و رێنماییەکانەوە، داخستووە.
لە راگەیەندراوێکی دەستەی حەشدی شەعبی-دا ھاتووە "بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی حەشدی شەعبی لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، شەش بارەگای (کارگێڕی و سەربازیی)، بەھۆی ئەوەی سەرپێچیکردنی فەرمان و رێنماییەکان کردووە لە ناوچەکانی کەرادە و جادریە ناوەڕاستی بەغدا، داخستووە".
بەپێی راگەیەنراوەکە لە میانی داخستنی ئەو شەش بارەگایەدا، ژمارەیەک لە سەرپێچیکارانی فەرمان و رێنماییەکان دەستگیرکراون.
لە راگەیەنراوەکەدا زانیاری زیاتر لەوبارەوە نەخراوەتەڕوو، بەڵام ئاماژە بەوەدراوە کە ئەو رێوشوێنانە لە چوارچێوەی فەرمانەکانی فەرماندەیی حەشدی شەعبی گیراونەتەبەر کە داوا دەکات لێپرسینەوە لەگەڵ ھەر کەسێکدا بکرێت کە سەرپێچی فەرمان و رێنماییەکان دەکەن.
دەستەی حەشدی شەعبی رەتیکردووەتەوە کە داخستنی بارەگاکان و دەستگیرکردنی کەسانی سەرپێچیکار پەیوەندی بە ھۆکارەکانی سیاسی و تاوانەوە، ھەبێت.
پێشتر میدیاکانی خۆجێی بڵاویانکردبووەوە کە لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی رابردوو، ھێزەکانی ئاسایشی حەشدی شەعبی زنجیرەیەک ھەڵمەتی ھەڵکوتانە سەر بارەگاکانی گرووپی سەرایا خۆراسانی سەربە حەشدی شەعبی لە ناوەڕاستی بەغدا ئەنجامداوە و ٣٠ی چەکداری ئەو گرووپەیان دەستگیرکردووە.
بەپێی میدیاکان لەنێو دەستگیرکراوەکاندا، ئەمنیداری گشتیی سەرایا خۆراسانی، عەلی یاسری کە لەلایەن دەستەی حەشدی شەعبی تۆمەتبارکراوە بە گەندەڵی دارایی، لەگەڵ فەرماندەی پێشووی سەرایا خوراسانی، حامد جزائری ھەن.