Aref Yousef
19 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 20 کانوونی دووەم 2020
بەغدا - AA
خۆپیشاندەرانی عێراق بەر لە کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتەی کە بەئامانجی دەستنیشانکردنی کەسێکی سەربەخۆ بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت پێشکەش بە حکوومەتی کاربەڕێکەر و پارتە دەسەڵاتدارەکانیان کردووە، ئاستی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیان دژبە حکوومەت فراوانتر کرد.
خۆپیشاندەران تا سبەی دووشەممە ومۆڵەتیان داوە بە حکوومەتی کاربەڕێکەر و پارتە دەسەڵاتدارەکان تا کەسێکی سەربەخۆ بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت دەست نیشان بکەن، هەروەها بکوژانی چالاکوانانی خۆپیشاندانەکان سزا بدەن.
پێشتر چالاکوانان، یەکێتییەکانی قوتابیان و سەندیکاکان داوایان لە خۆپیشاندەران کردبوو کە ئاستی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیان فراوانتر بکەن بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێن.
لەوبارەوە ژمارەیەکی زۆری قوتابی بەدەم ئەو داوایە چوون وەک پاڵپشتیکردن لە خۆپیشاندەران روویان لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغدا کرد.
لە لایەکی دیکەوە شایەتحاڵەکان بە ئاژانسی ئانادۆڵویان راگەیاند کە شەوی رابردوو، خۆپیشاندەران بارەگای حزبوڵڵا عێراق-یان لە نزیک پردی ئیسکان لە شاری نەجەف سووتاندووە.
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممەیش لە شار و شارۆچکەکانی باشووری عێراق، خۆپیشاندەران رێگە سەرەکییەکانیان داخست و فەرمانگە گشییەکانیان گەمارۆداوە.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە بەیانی ئەمڕۆ لە هەردوو گۆڕەپانی قوڕتوبە و تەیەران ناوەڕاستی بەغدا رووبەڕووبوونەوە و پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا روویداوە.
ئاماژەی بەوەیشکرد کە لەمیانی رووبەڕووبوونەوە و پێکدادانەکەدا، هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژیان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بەکارهێناوە کە بەهۆیەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر برینداربوون.
لە شاری نەجەف-یش سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە خۆپیشاندەران ژمارەیەک رێگای شارەکەیان داخستووە.
هاوکات بەهۆی داخستنی ژمارەیەک پرد لە شاری ناسرییە ناوەندی پارێزگای زیقار لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە، دەوامی فەرمی کرا بە پشوو.
لەو بارەوە چالاکوانێکی خۆپیشاندانەکانی ناسرییە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە خۆپیشاندەران ژمارەیەک پردیان لە ناوەڕاستی ناسرییە داخستووە کە بە هۆیەوە فەرمانبەران نەیانتوانیوە بچنە سەر کارەکانیان و گەڕاونەتە ماڵەوە.
چالاکوانەکە ئاماژەی بەوەیشکرد کە ئەمڕۆ دەوامی فەرمی لە ناسرییە کراوەتە پشوو.