26 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2020
بەغدا ــ AA
پارتی "ئەلحەل" وەك یەكەم پارتی سوننە لە عێراق رایگەیاند كە لە حكوومەتەكەی مستەفا كازمی-دا بەشداری ناكات.
چاوەڕوان دەكرێت راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، مستەفا كازمی بەم زووانە كابینەی حكوومەتەكەی رابگەیەنێت.
پارتی "ئەلحەل" كە لە كۆی 329 كورسی ئەنجوومەنی نوێنەران خاوەن 14 كورسییە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە كە نابن بە گەواهیدەری درۆ لەسەر ئەوەی روودەدات لە دابەشكردنی وەزارەتەكان وەك ئەوەی دەستكەوتی جەنگ بێت، جگە لەوەش ژمارەیەك لایەن بە درۆ بانگەشەی ئەوە دەكەن كە دەبن بە نوێنەری پێكهاتەیەك بۆ ئەوەی مافەكانی قۆرخ بكەن و دەستكەوتیش لەسەر حیسابی ئەوانەی دیكە بەدەست بهێنن.
ئەوەشی گوتووە "بە هەمووانی رادەگەیەنیین كە ئێمە لە دەرەوەی حكوومەتەكەی مستەفا كازمی-داین، چونكە لەو باوەڕەداین، توانای گۆڕینی ئەو رەوشەی نییە كە گەل لە هەژاری، گەندەڵی و دزینی سەرەوت و سامانەكەی رووبەڕووی بووەتەوە".
پارتی ناوبراو جەختیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە پاڵپشتی لە گەل دەكات بۆ ئەوەی مافەكانی بەدەست بهێنێت.
دوێنێ شەممە هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری ماوەی 48 كاتژمێری وەك مۆڵەت دا بە مستەفا كازمی تا كابینەی حكوومەتەكەی بگۆڕێت كە پێشنیازی كردووە.
میدیاكانی خۆجێی لیستێكیان بڵاوكردەوە كە ناوی 17 كەسی تیایدا و بڕیارە لە حكوومەتەكەی مستەفا كازمی ببن بە وەزیر.