17 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2020
بەغدا - AA
پێشتر سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح نامەیەکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان کردبوو کە تیایدا تا شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممەی وەک دوا مۆڵەت پێ دابوون بۆ ئەوەی لەسەر کاندیدکردنی کەسێک بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو رێکبکەون.
بەڵام تا ئێستا لایەنە سیاسییەکان لەسەر کاندیدکردنی هێچ کەسێک رێکنەکەوتوون، بۆیە چاوەڕان دەکرێت لە ئەمڕۆ سێشەممەوە سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح دەسەڵاتی دەستووریی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی کەسێک بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو دیاری بکات.
لەوبارەوە ئەندامی رەوتی حیکمە، ئەحمەد فەتلاوی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای ئەوەی دانوستانی نێوان لایەنەکان سەبارەت بە دیاریکردنی کاندیدێک بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو شکستیهێنا، سەرکۆمار نامەکەی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان کردبوو".
ئەحمەد فەتلاوی گوتیشی: "لایەنەکانی شیعە، سوننە و کورد لەچوارچێوەی لیژنەی حەوت قۆڵی رێککەوتن لەسەر کاندیدکردنی نەعیم سوهەیل بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو، بەڵام هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی بەرهەڵستی خۆی لەوبارەوە راگەیاند و رایگهیاندووه کە ناوبراو کەسێکی نزیکە لە هاوپەیمانیەتی سائرون".
گوتیشی: "کاتێک لیژنەی حەوت قۆڵی پێکهێنرا کە نوێنەری سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی لەخۆدەگرێت لەسەر ئەوە رێککەوتن کرا هەر لایەنێک بەرهەڵستی لەسەر ناوی هەر کاندیدێک نیشان بدات ئەوە پێشکەش بە سەرکۆمار ناکرێت".
ئەندامی رەوتی حیکمە، ئەحمەد فەتلاوی راشیگەیاند کە سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح تا شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممەی وەک دوا مۆڵەت دابوو بە لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی لەسەر کاندیدکردنی کەسێک بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو رێکبکەون، ئەگەر نا ئەو خۆی کەسێک بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو دیاری دەکات.
هەفتەی رابردوو لایەنەکانی شیعە لیژنەیەکیان بەناوی "لیژنەی حەوت قۆڵی" بۆ دانوستان سەبارەت بە دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو پێکهێنا بوو، بۆ ئەوەی لەلایەن سەرکۆمار، بەرهەم ئەحمەد ساڵح بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت راسپێردرێت.
لیژنەی حەوت قۆڵی لە هەریەک لە نەبیل تەرفی لە هاوپەیمانی سائرون، عەدنان فەیحان لە هاوپەیمانی فەتح، ئەحمەد فەتلاوی لە رەوتی حیکمە، باسم عەواد لە هاوپەیمانی نەسر، حەسەن سنێد لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، حەیدەر فوادی لە پارتی عەتا و عەبدولحوسێن موسەوی لە پارتی فەزیلە پێکهاتووە.
دوێنێ دووشهممه هاوپەیمانی سائرون کە لەلایەن سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر-ەوە پاڵپشتی دەکرێت رایگەیاند کە دانوستانی لایەنەکانی شیعە سەبارەت بە دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو، شکستیهێناوە.