Zana Natık Kerem
13 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2022
ھەولێر ــ AA
جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی بە توندی ئیدانەی ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شار ھەولێر کرد و رایگەیاند کە ھێرشەکە لە شکۆی ھەولێر کەم ناکاتەوە.
قوباد تاڵەبانی لە پەیامێکدا لەبارەی ھێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر شاری ھەولێر رایگەیاندووە: "ھێرشە موشەکییەکانی دژ بە شاری ھەولێری خۆشەویست، تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە و دەستدرێژییە بۆ سەر ھەموو تاکێکی کورد لە سەرانسەری دنیادا".
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاندووە: "بەتوندی ئیدانەی ئەم ھێرشانە دەکەین و رایدەگەیەنین ئەم کارە لە شکۆی ھەولێر کەم ناکاتەوە، ئۆقرەیی و ناوبانگی ناشێوێنێت وەک پایتەختی گەشاوە و میواندۆستی ھەرێمی کوردستان".
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە، ھەولێر و ھەموو ھەرێمی کوردستان وەک چاومان دەپارێزین، ھەر سەربەرز بێت شاری قەڵا و منارە".
بە پێی راگەیەندراوێکی دەزگای دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان، شەوی رابردوو ١٢ مووشەکی بالیستیی لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ئاراستەی شاری ھەولێر کران کە جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی لێ نەکەوتەوە.
ھێرشەکەش لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی کاردانەوەی لێکەوتەوە کە لەلایەن ھەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بازرانی و سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، بەتوندی ئیدانە کرا.