Hawkar Yaseen
11 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 17 ئاب 2020
هەولێر - AA
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سێ کۆمپانیای کەرتی تایبەت گرێبەستی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیارانیان واژوو کرد.
وەزارەتی کشتوکاڵ بە دروشمی (ئەو گەلەی خاوەنی نانی خۆی نەبێت خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆی نابێت) پرۆژەکەی راگەیاند، بەپێی پرۆژەکە ئەو سێ کۆمپانیایە ساڵانە 500 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران دەكڕنەوە و لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک سێ کارگەی گەورەی بەرهەم هێنانی ئارد دروست دەکەن لەگەڵ چەند کارگەیەکی دیکەی بەرهەمەکانی ساوەر، بڕوێش، گەنمە کوتاو، مەعکەرۆنی، پاستا و هەموو ئەو بەرهەمانەی لە گەنم دروست دەکرێت و بە کوالێتی بەرز دەیخەنە بازاڕەوە، لەدوا کەوتنەکاری پرۆژەکەش رێگە نادرێت ئەو بەرهەمانە لە دەرەوە هاوردە بکرێتە هەرێمی کوردستان و ئەو کارگانە بەتەواوی پێداویستی بازاڕ پڕ دەکەنەوە و دابینی دەکەن.
بەپێی گرێبەستەکە ساڵانە لە سلێمانی 150 هەزار تۆن و لە دهۆک 150 هەزار تۆن و لە هەولێریش 200 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت و لەو کارگانە بەکاردەهێندرێت.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بێگەر تاڵەبانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا دوای واژووکردنی گرێبەستەکان گوتی: "ئەمڕۆ خۆشحاڵ و سەرفرازین کە توانیمان چەندین گرێبەست تێبپەڕێنین بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەو گرێبەستە، ناوەڕۆکی گرێبەستەکە چەندین قۆناغ و مەرجی گرنگی تێدایە کە هەم کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتیش پابەند دەکات بە بەردەوامیدان و سەرخستنی پرۆژەکە بە ئامانجی ئاوەدانکردنەوەی بازاڕەکان بە بەرهەمی خۆماڵی کوالێتی بەرز کە ببێتە بنەمای پاراستنی ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی بنەمایەکی گرنگی ئابووری بۆ گێڕانەوەی سەدان ملیۆن دۆلار کە ساڵانە دەچێتە نێو بازاڕەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان تەنانەت وڵاتی عێراق
بێگەرد تاڵەبانی رایگەیاند کە ئەم پرۆژە ستراتیجییە بریتییە لە چەند هەنگاوێک و گوتی: "کڕێنەوەی 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران بەپێی ئەو جۆرەی کە شیاوی ئەو بەرهەمانە دەبێت کە لە کارگەکاندا بەرهەمدەهێندرێت، دامەزراندنی سایلۆی تایبەتمەند و ئاشی هاڕینی گەنم بۆ دروستکردنی ئاردی سفر و ئاردی پلە یەک و جۆرەکانی دیکە و کارگەکانی دروستکردنی ساوەر و بڕوێش و گەنمەکوتاو و پاستا و مەعکەرۆنی و هەموو دروستکراوەکانی دیکە کە دەتوانرێت لە گەنم بەرهەم بهێندرێت، دامەزراندنی کارگەی لە کیس نانی بەرهەمەکانی گەنم بەپێی خواستی بازاڕ و رەخساندنی هەلی کار لە پرۆژەکەدا بۆ دەرچووانی کشتوکاڵی کە مەرجەکە وایە سەدا 60ی دەستی کاری پرۆژەکە لە دەرچووانی کۆلێژ، پەیمانگا و ئامادەییەکانی کشتوکاڵی بن".
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بێگەر تاڵەبانی گوتیشی: "دیاریکردنی نرخی فرۆشتنەوەی بەرهەمەکانی گەنم لە بازاڕدا بە رەزامەندی حکوومەت و لەبەرامبەردا ئەو ئەرکانەی دەکەوێتە سەرشانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بریتین لە؛ دابینکردنی زەوی بۆ پرۆژەکە، فەراهەمکردنی بازاڕ، سەرپەرشتیکردنی گرێبەست لەنێوان جووتیاران و کۆمپانیاکان، دابینکردنی بنەتۆوی گونجاو بەپێی ئیمکانییەتی وەزارەت، نرخی کڕینەوەی گەنمەکە و چاودێری و سەرپەرشتیکردنی پرۆژەکە بۆ گەیاندنی زۆرترین سوود بە جووتیاران و بەرهەمی ناوخۆ و ناردنی ستافی تەکنیکی و چاودێری کۆگاکان و ئاش و سایلۆکان بە هەماهەبگی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی لەئەستۆ دەگرێت".
پرۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر پەسەندکرا و پرۆژەکە لە ماوەی ساڵێکدا دەکەوێتە کار و سەرمایەی پڕۆژەکە سەدان ملیۆن دۆلارە و هەزاران هەلی کار دەڕەخسێنێت و پشکی سەرەکی هەلی کارەکان بۆ دەرچوانی بەشەکانی کشتوکاڵییە.
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار بۆ دوو ملیۆن تۆن گەنم بەرهەمدەهێندرێت، بەو هۆیەشەوە هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی گەنمدا لە پێداویستی ناوخۆ زیاتری هەیە و گەیشتووەتە خۆبژێوی.