Hawkar Yaseen
11 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 12 ئاب 2020
هەولێر AA
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حسین حەمەکەریم رایگەیاند، بە نایاسایی و بەبێ ئاگاداری وەزارەتی کشتوکاڵ لە بازگەی خازرەوە نزیکەی 250 تۆن پەتاتە داخڵی هەولێر کراوە و بەشی زۆریشی لە بازاڕدا ساخکراوەتەوە و فرۆشراوە.
حسین حەمەکەریم لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو راگەیاند "بەداخەوە لە سنووری خازرەوە بەبێ رەزامەندی و ئاگاداری ئێمە لەلایەن بازگەکانی ئاسایشەوە رێگەیان پێدراوە داخڵ بە هەولێر بوون، ئەوەی بە ئێمە گوتراوە 10 کۆنتێنەر پەتاتە بووە هەر کۆنتێنەرەی 20 بۆ 25 تۆنە و بە هەمووی 250 تۆن داخڵ کراوە".
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حسین حەمەکەریم گوتیشی: "پاش ئاگاداربوونەوەمان توانرا بەشێکی رێگری لێبکرێت، بەڵام بەشی زۆری چووە بازاڕەکانەوە و لەدەست دەرچوو".
حسین حەمەکەریم راشیگەیاند "لەئێستادا بەشی زۆری بەرهەمەکانی سەوزە و میوە لەکاتی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ بەشی پێداویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکات، زۆربەی بەرهەمەکان باجمان خستووەتە سەری بەپێی کاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکانی ناوخۆ، بەڵام لەم کۆتاییەدا ئێمە وەک وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیارماندا حەوت بەرهەم لە سەوزەو میوە و بەروبوومی کشتوکاڵی کە بریتین لە (سێو، هەنار، هەنجیر، شووتی، خەیار، پەتاتە و هەنگوین) بۆ زیاتر دڵنیاکردنی جووتیاران و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ بڕیاری قەدەغەکردنیان بدەین، بڕیارەکە لە یەکی ئابەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ ماوەیەکی نادیار، هەتاوەکو ئەوکاتەی ئێمە بزانین بەرهەمی ناوخۆ هەیە لە بازاڕدا درێژە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەدەین، هەرکات زانیمان بەرهەمەکان کەمدەبێتەوە و لە بازاڕ نرخ بەرزدەبێتەوە بڕیارەکە دەگۆڕین".
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حسین حەمەکەریم دەربارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی بەروبوومە ناوخۆییەکان بەتایبەت لە خاڵە سنوورییەکان گوتی: "گلەییمان هەیە لە خاڵە سنوورییەکان ئەوە یەکێکە لە گرفتەکانی بەردەم پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ، زۆر جار ئەو بەرهەمانە بە جۆرەها شێوە داخڵ دەکرێن کە قەدەغەن یان باجیان لەسەرە، بە شێوەی خۆدزینەوە لە باج یان بەشێوازی بارکردنی ئەو بەرهەمانە لەگەڵ بەرهەمی دیکەدا یان بەشێوازی نایاسایی داخڵ دەکرێن، بەڵام هەوڵەکانی ئێمە بەردەوامە و لە چەندین کەناڵەوە لەسەر خەتین و بەردەوام چاودێری دەکەین و بەسوپاسەوە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆش هاوکارێکی باشمانن، بەڵام هێشتا دیاردەکە هەر هەیە".
هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2007ەوە سەرقاڵی جێبەجێکردنی بەرنامەیەکە بۆئەوەی لە بەرهەمهێنانی پەتاتەدا بگاتە ئاستی خۆبژێوی و پێویستی بە هاوردەکردنی لە دەرەوە نەبێت و لە سەرەتای پرۆژەکە و لە ساڵی یەکەم هەزار تۆن پەتاتە بەرهەمهێنرا، بەڵام ئێستا بڕەکەی زۆر زیاد بووە و چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ نزیکەی 300 هەزار تۆن پەتاتە بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بێت.