Sarmand Hameed
06 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 07 مای,س 2021
هەولێر - AA
بە ئامادەبوونی پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی و کونسوڵی گشتیی ھۆڵەندا لە ھەولێر، ویلیم نیکولاوس کوزیجن لە رێورەسمێکدا رێڕەوی تایبەت بە لێخورینی پایسکل کرایەوە.
بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە پارێزگای هەولێر بڵاوکراوەتەوە، لە رێورەسمەکەدا، ئومێد خۆشناو سەبارەت بەکردنەوە و دەستنیشانکردنی ھێڵی تایبەت بە لیخوڕینی پایسکل بۆ ھاووڵاتییان، رایگەیاند: "خۆشحاڵین وەکو پارێزگای ھەولێر، بۆ یەکەمینجار لەسەر ئاستی ھەرێمی کورستان رێڕەوێک دیاری دەکرێت و ھەولێر وەک ھەمیشە لەو کارەشدا دەبێتە پێشەنگ لە دیاریکردنی شوێنێکی تایبەت بۆ لێخوڕینی پایسکل کە بەدڵنییایەوە لێخورینی پایسکل جگە لەوەی وەرزشە، ژینگەپارێزیشە و بەشێکیشە لە کەمکردنەوەی خەرجی ھاووڵاتییان".
پارێزگاری هەولێر گوتیشی "ئەمە دەسپێکە و لە ئایندەدا لە شوێنی دیکەی شارەکەمان ھەمان رێڕەو دیاری دەکەین تاوەکو ببێتە بەشێکی گرنگ لە شارەکەمان و جۆرێک لە داھێنان بۆ ھەولێری پایتەخت".