Heman Hussein Yaseen
23 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 26 مای,س 2024
هەولێر - AA
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش ڕایدەگەیەنێت کە دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە بڕی ٢٠ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریان لەلا بووە و، ئاشکرایشی دەکات کە لەمیانی چوار مانگی ئەمساڵدا، ٥٨٠ کەس بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون و ڕادەستی دادگا کراون.
ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش، نەقیب ئەرکان عومەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا گوتی: "دوێنێ چوارشەممە، دوو تۆمەتبار دەستگیرکراون بە بڕی ٢٠ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کڕیستاڵ لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان دەستگیرکران کە کاری بازرگانییان بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکرد".
نەقیب ئەرکان عومەر گوتیشی: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ٣٠ی نیسان، لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش، توانراوە ٥٨٠ تۆمەتبار بە ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکرێن کە لەو ژمارەیە ٣٢٨ کەسیان بازرگانی ماددەی هۆشبەر بوونە، سەرجەم دۆسیەکانیش لە دادگاکانن بۆ یەکلاییکردنەوە".
بەپێی ئامارەکان سەدا ٨٠ی بەکارھێنەرانی ماددەی ھۆشبەر لە ھەرێم تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٣٥ ساڵییدایە و سەدا ١٠ی بەکارھێنەرانیش ئافرەتن.
بە پێی ماددەی ٢٦ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان کە لە پەرلەمانی کوردستان-عێراق دەرچووە، ئەو کەسانەی بازرگانی بە ماددەی ھۆشبەرەوە دەکەن سزاکەیان زیندانیکردنە بۆ ھەتا ھەتایە، ھەروەھا پێبژاردنێک کە لە ١٥ ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە ٩٠ ملیۆن دیناری عێراقیش زیاتر نەبێت.
ھەروەھا بۆ بەکارھێنەرانی ماددە ھۆشبەرەکانیش، سزاکەیان بە زیندانیکردن بۆ ماوەی ساڵێک بەرەو سەرەوە دەست پێدەکات بەپێی جۆر و شێوازی بەکارھێنانەکەی ھەروەھا بە پێبژاردنێک کە لە ١٥ ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.