Zana Natık Kerem
22 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 22 مای,س 2024
ھەولێر ــ AA
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕۆژی ١٦ی ئاداری بە ناوی قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشوو کە قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، ئەنفال و ڕاپەڕینی شەعبانییەی شیعەکان دەگرێتەوە، کردە پشووی فەرمی.
فەرمانگەی ڕاگەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجوومەن بە وەکالەت، موحسن مەندەلاوی ئەنجامدراوە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆی ٣٢٩ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، ١٦٧یان ئامادەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ بوون.
باسی لەوەش کردووە کە لە میانی دانیشتنەکەدا، یاسای پشووە فەرمییەکان خراوەتە دەنگدانەوە و پەسەند کراوە.
بە پێی ئەو یاسایە، ١٦ی ئادار بە ناوی قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشوو کە قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، ئەنفال و ڕاپەڕینی شەعبانییەی شیعەکان دەگرێتەوە، کراوەتە پشووی فەرمی.
بەپێی یاساکە لە ساڵێکدا ١٦ ڕۆژ لە سەرجەم پارێزگەکانی عێراق پشووی فەرمی دەبێت کە یەکێک لەو ڕۆژانە بە ناوی "جەژنی غەدیر"ەوە کراوەتە پشووری فەرمی.
لەم بارەیەوە سەرکردەی ڕەوتی نیشتمانی شیعە لە عێراق، موقتەدا سەدر سوپاسی سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی کردووە لە ھەمبەر ئەوەی دەنگیان داوە بۆ ئەوەی ڕۆژی غەدیر بکرێت بە پشووی فەرمی.
موقتەدا سەدر لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا سوپاسی ئەندامانی فراکسیۆنەکانی کورد و سوننە و لایەنەکانی دیکەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە، لەوەی دەنگیان بە پڕۆژەیاسایەک داوە بۆ ئەوەی ڕۆژی "غەدیر" بکرێت بە پشووی فەرمی و ڕایگەیاندووە: "سوپاسی ھەموو ئەوانە دەکەین کە دەنگیان بە یاساکە داوە".