21 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 22 نیسان 2020
بەغدا - AA
رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە عێراق، بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم رایگەیاند کە مافی سەرجەم پێکهاتەکان لە کابینەکەی مستەفا کازمی-دا دەستەبەر کراوە.
لەوبارەوە ئەندامی رەوتی حکیمە، سەتار جابری لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق ئەوەی ئاشکراکردووە کە مستەفا کازمی بەردەوامە لە هەوڵەکانی سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی حکوومەتەکەی کە تیایدا مافی سەرجەم پێکهاتەکان دەستەبەر کراوە.
ئاماژەی بەوەش دا کە دیدارەکان بەردەوامیان هەیە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان و مستەفا کازمی بۆ تەواوکردنی کابینەکەی و گوتی:
"تا ئێستا ناوی وەزیرەکانی کابینەی نوێی حکوومەت ئاشکرانەکراون، ئەوەیش بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لەوەی هەندێک شێواز بۆ رووخاندنی سیاسی و لەکەدارکردنی کەسێتی بەکارنەهێندرێت".
سەتار جابری ئاشکراشی کرد کە ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتوو، دانیشتنی نائاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی حکوومەتی نوێ ساز بکرێت و جەختی لەوەش کرد، ئەو فراکسیۆنانەی کە پاڵپشتی لە مستەفا کازمی دەکەن، تا ئێستا هیچ تێبینییەکەیان لەسەر ئەو رێوشوێنانە نییە کە بۆ پێکهێنانی کابینەی حکوومەتی نوێ گیراونەتەبەر.
ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاندبوو، حکوومەتێکیان دەوێت کە لێهاتوو و دەست پاک بێت، بتوانێت رووبەڕووی قەیرانەکان ببێتەوە، وڵات بەرەو سەرکەوتن ببات و داواکارییەکانی خەڵکێش جێبەجێ بکات.