Heman Hussein Yaseen
21 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 23 نیسان 2020
ههولێر - AA
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، پارێزگاری ھەولێر، فرسەت سۆفی رایگەیاند کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا بڕیاریانداوە بە کردنەوەی نۆرینگەکانی پزیشکی.
ئەمڕۆ سێشەممە دوای کۆبوونەوەی لیژنەی ژووری ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای ھەولێر، فرسەت سۆفی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: ''کۆبوونەوەیەکمان لەسەر ئاستی پارێزگای ھەولێر ئەنجامداوە، وەزیری گواستنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی ھەولێریش ئامادە بوون، لەوێدا بڕیارمان دا بە کردنەوەی کلینکەکانی پزیشکی و نۆرێنگەکان، بەڵام بە مەرجی تەندروستی و لەژێرچاودێریدا دەبن''.
فرسەت سۆفی گوتیشی: ''تا ٢٣ی نیسان قەدەغەکردنی ھاتوچۆ بەردەوام دەبێت و لە ٦ی ئێوارە تا ١٢ی شەو ھەموو ھاتوچۆیەک قەدەغەیە و سەبارەت بە شوێنە گشتییەکانی وەک بازاڕ و پێشانگاکان، ئەوا لە رۆژی ٢٤ی نیسان بڕیاری پێویستی لەسەر دەدرێت، ھەوڵدەدەین رێکاری پێویست بگرینەبەر بۆ ئەوەی ئەو شوێنە گشتیانە بەداخراوی بمێننەوە''.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فرسەت سۆفی گوتیشی: ''ماوەی نۆ رۆژە ھیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار نەکراوە و ئەمەش ھەواڵێکی دڵخۆشکەرە''.
فرسەت سۆفی گوتیشی: ''سەبارەت بە کردنەوەی مزگەوت و شوێنە ئاینییەکان، لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەوقافی ھەولێر قسەمان کردووە و را و پێشنیازەکان دەخەنە بەردەم وەزیری ئەوقاف بۆ ئەوەی بەرزی بکەنەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران''.
ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر، دکتۆر دلۆڤان محەمەدفاتح گوتی: ''دوای راوێژ لەگەڵ سەندیکای پزیشکان بەتایبەتی لەماوەی داھاتوو پێشوازی لە مانگی رەمەزان دەکەین و رەنگە خەڵکێکی زۆر لەمیانی قەدەغەکردنی ھاتوچۆ پێویستییان بە سەردانی پزیشکان بووە، لەبەر ئەوە بڕیاردرا لە سبەی چوارشەممەوە نۆرینگەکانی پزیشکی بکرێنەوە لە کاتژمێر دوو تا پێنجی ئێوارە دەکرێنەوە و پێویستە پزیشک لە ١٠ نەخۆش زیاتر نەبینێت. نابێت لە چوار نەخۆش زیاتر لەناو نۆرینگەکەدا ھەبێت و پێویستە پزیشکان پێداویستی خۆپارێزی بەکاربهێنن''.
لە رۆژی ١٣ی ئاداری رابردوو، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-١٩ ) ژمارەیەک رێکاری گرتەبەر کە یەکێکیان بڕیاری قەدەغەکردنی ھاتوچۆبوو.