11 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 11 تەمووز 2020
بەغدا ــ AA
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، عەمید یەحیا رەسول رایگەیاند، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، مستەفا كازمی فەرمانی بە هێزە بەشداربووەكانی ئۆپەراسیۆنی قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق داوە كە گیانی هاووڵاتییان بپارێزن.
عەمید یەحیا رەسول لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە، مستەفا كازمی لە میانی قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق، سەردانی میحوەری پۆلیسی فیدرالی كردووە.
راشیگەیاند: "سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، مستەفا كازمی لەو سەردانەیدا بۆ میحوەری پۆلیسی فیدرالی فەرمانی هێزە بەشداربووەكانی ئۆپەراسیۆنی قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق داوە كە گیانی هاووڵاتییان بپارێزن و بە باشی ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن".
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، عەمید یەحیا رەسول باسی لەوەشكرد كە هەروەها مستەفا كازمی ستایشی هەوڵی هێزە عێراقییەكانی كردووە لە راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش.
پێشتر شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق بڵاویكردبووەوە كە بەیانی ئەمڕر، قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق بە ئامانجی ریشەكێشكردن و راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە چوار میحوەری سنووری پارێزگای دیالە دەستی پێ كراوە كە هێزەكانی فەوجی دژەتیرۆری سلێمانی تیایدا بەشداری دەكەن.
شانەی ناوبراو راشیگەیاندبوو كە ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە، پشكنین و پاكسازكردنی رووبەری 17هەزار و 685 كیلۆمەتر چوار گۆشەیە لە ناوچەكانی سنووری پارێزگای دیالە، راوەدوونای تیرۆریستانی داعشە، بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری لەو ناوچانە پتەوتر بێت.
لە ماوەكانی رابردوودا، قۆناغی دووەم و سێیەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق، بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە رۆژهەڵاتی سەڵاحەددین، رۆژئاوای دیالە و باشووری رۆژئاوای كەركووك ئەنجامدرابوون كە لە میاندا، ژمارەیەك تیرۆریستی داعش كوژراون، هەروەها ژمارەیەك حەشارگەی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكە خاپووركران.