11 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2020
بەغدا ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی دەروازەی سنووری مەندەلی رۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە بە ئامانجی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا، كردەوە.
لەمبارەیەوە دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە مستەفا كازمی لە رێورەسمێكدا، دەروازەی سنووری مەندەلی رۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە بە ئامانجی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا، كردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە میانی كردنەوەی دەروازەی سنووری مەندەلی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی جەختیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە پێویستە لە سەرجەم دامەزراوەكاندا كار بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بكرێت، چونكە ئەوە یەكێكە لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەران و گوتی: "سەردانەكەم بۆ دەروازەی سنووری مەندەلی، پەیامێكی روونە بۆ هەموو گەندەڵكاران لەوەی بوونیان نییە".
مستەفا كازمی گوتیشی: "پلانێكی باشمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئامادەكردووە و پێویستە هەموو لایەك هاوكاربن بۆ سەركەوتنی پلانەكە".
راشیگەیاند "دەسەڵاتمان بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و راوەدوونانی گەندەڵكاران لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكان بە سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكان داوە".