Ekip
02 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2021
مووسڵ ــ AA
بەشی بەتواناکردنی ئافرەتان لە پارێزگای نەینەوا، بە ھاوکاری راگەیاندنی یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ کەمینەکان و مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەی ئاھەنگەکان لە شاری مووسڵ، رێوڕەسمێکی لە حەوتەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی ئیزدییەکان کە لە ساڵی ٢٠١٤دا لەلایەن تیرۆریستانی داعش بەرەوڕووی بوونەوە، ساز کرد.
رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە سێی ئابی ٢٠١٤دا، قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا باکووری عێراقی داگیرکرد کە لە میانیدا ژمارەیەکی زۆری ئێزدی کوشت و ژمارەیەک ئافرەتی ئێزدیش بە کەنیزە برد، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆرشیان بەرەو چیای شنگال ھەڵاتن.
دواتر ھێزەکانی پێشمەرگە بە پاڵپشتیی ئاسمانیی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، قەزای شنگال و ناوچەکانی دەورووبەری لە دەستی تیرۆریستانی داعش دەرھێنا و کۆنترۆڵیان کردووە.
دوای کۆنترۆڵکردنی قەزای شنگال لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە لە ٢٠١٤دا، ٤٠٠ ھەزار ھاووڵاتی ئێزدی ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون و ھەزار ٥٠٠ ئافرەتی ئێزدیش لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەرەوڕووی توندوتیژی بوونەوە کە زۆربەیان وەک کەنیزە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنیان پێوەکرا کە تا ئێستا چارەنووسی زۆربەیان نادیارە.
یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی، رەفعەت سمۆ رەشۆ لە میانی رێورەسمەکەدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و رایگەیاند، ئەمڕۆ یادی حەوت ساڵەی ئەو تاوانانە دەکەنەوە کە تیرۆریستانی داعش بەرامبەر بە پێکھاتەی ئێزدی لە قەزای شنگال ئەنجامیانداوە و گوتی: "لە سێی ئابی ٢٠١٤دا، تیرۆریستانی داعش تاوانی دژبە مرۆڤایەتییان بەرامبەر پێکھاتەی ئێزدی لە شنگال ئەنجامدا، لەوانە کوشتن و رفاندن".
گوتیشی: "حەوت ساڵ بەسەر ئەو تاوانانەی داعش تێپەڕدەبێت، ھێشتا ئاوارە ئێزدییەکان لە کەمپەکاندا بە دەست گەرما و سەرماوە دەناڵێنن و ھیچ چارەسەرێکیان بۆ نەدۆزراوەتەوە تا بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".
رەفعەت سمۆ رەشۆ سەبارەت بە ئایندەی شنگال، گوتی: "ئایندەی کەسوکارمان لە شنگال لەم قۆناغەی ئێستادا، پەیوەستە بەوەی چۆن ئاوارە ئێزدییەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان ئەوەیش لە میانی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی نێوان بەغدا و ھەولێر کە لە ماوەکانی رابردوودا کرابوو، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا رێککەوتنەکە لەسەر ئەرزی واقع جێبەجێ نەکراوە و ئومێد دەکەین، حکوومەتی ناوەندی ھەڵوێستێکی جیددی ھەبێت بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە تا ئاوارە ئێزدییەکان بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و بەشێوەیەکی دادپەروەرانەیش قەرەبوویان بکاتەوە، جگە لەوەیش داوا لە حکوومەتی ناوەندی دەکەین کە ھەڵوێستێکی جیددیشی ھەبێت بەرامبەر ئێزدییە رفێنراوەکان و بێ سەروشوێنەکان کە تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە کە ژمارەیان پێنج بۆ شەش ھەزار کەسە".
لای خۆیەوە سەرپەرشتیاری بەشی بەتواناکردنی ئافرەتان لە پارێزگای نەینەوا، یاسین حەمزە لە میانی رێورەسمەکەدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ رێورەسمێک بۆ یادکردنەوەی ئەو تاوانانە دەکەینەوە کە حەوت ساڵ لەمەوبەر لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەرامبەر بە خوشک و براکانمان لە پێکھاتەی ئێزدی لە قەزای شنگال ئەنجامدرا کە وێژدانی مرۆڤایەتی لە سەرتاسەری جیھان ھەژاند و بە ھەموو جیھان دەڵێن کە تیرۆر ئایینی نییە و پاڵپشتی خۆشمان بۆ خوشک و براکانمان لە پێکھاتەی ئێزدی رادەگەیەنیین و پێیان دەڵین ھەرگیز ئەو تاوانانەی کە بەرامبەریان ئەنجامدراوە لەبیر ناکەین".
گوتیشی: "ئومێد دەکەین، حکوومەتی ناوەندی ھەڵوێستێکی جیددی ھەبێت لە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە لە پارێزگای نەینەوا زیانیان بەرکەوتووە و خەڵکەکەیشی قەرەبوو بکاتەوە و ھانی ئاوارەکانیش بدات بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".
لە ١٥ی مانگی رابردوودا، پەرلەمانی بەلجیکا کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان کە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە ئەنجامدرا، بە جینۆساید ناساند و داواشی لە حکوومەتی عێراق کرد کە ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان دەستگیر بکات و سزای توندیان بدات.