Hawkar Yaseen
20 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2021
سلێمانی - AA
بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە نوێژخوێنان و موسڵمانان مەراسیمی نوێژی جەژن لە مزگەوتەکانی سلێمانی بەڕێوەچوو.
مزگەوتی بەهەشت یەکێکە لە مزگەوتە ناسراوەکانی سلێمانی و بەوە ناسراوە سەلەفییەکان بۆ نوێژ و ئەرکە ئاینییەکانیان لێرە کۆدەبنەوە.
لە بەیانی یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا سەدان کەس لە مەراسیمی نوێژی جەژندا لەو مزگەوتە بەشداربوون، رێبەری سەلەفییەکانی کوردستان عەبدول لەتیف سەلەفی لەوتارەکەیدا باسی لە حیکمەتی قوربانیکردن و قوربانیدان کرد لەپێناو ئەو شتەی مرۆڤ بڕوای پێیەتی، بۆ پشتیوانی لە قسەکانیشی چیرۆکی دروستبوون و بوونە نەریتێکی ئایینی قوربانی کرد لە دینی ئیسلامدا و داوای کرد موسڵمانان پەند لەو ئامۆژگریانە وەربگرن.
هەرچەندە بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەبوو لە نوێژی جەژندا زۆرترین خۆپارێزی هەبێت و کەمترین بەریەک کەوتن هەبێت لەنێوان نوێژخوێناندا بەڵام لە مزگەوتی بەهەشت ژمارەیەکی زۆر نوێژخوێن ئامادەبوون و کەمترین کەسیان پابەندی بەستنی ماسک بوون، بۆیە لە کۆتایی وتارەکەشیدا عەبدول لەتیف سەلەفی داوای کرد دوای کۆتایی هاتنی نوێژی بۆ خۆپارێزی و رێگری لە زیاتر تەشەنە سەندنی کۆرۆنا کەس باوەش و ماچی یەکتر نەکات و تەنیا پیرۆزبایی لە یەکتری بکەن.
رێبەری سەلەفییەکانی کوردستان، عەبدول لەتیف سەلەفی دوای نوێژی جەژن دەربارەی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێستای هەرێمی کوردستان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دواو و رایگەیاند "شڵەژانی بارودۆخ لەبەرژەوەندی میللەت نییە، لە بەرژژەوەندی هەرێمەکەش نییە، تاوەکو لایەنە سیاسییەکان تەبابن لەناو یەکدا و وەک برابن و لەسەرخێربن، بێگومان نیشانەی خۆشییە و مایەی سەربەرزیشە بۆ هەموو لایەک، هیوادارین خوای پەروەردگار بەڵا و کێشە لە هەرێمەکەمان و لە میللەت بەدوور بگرێت و یەکڕیزی و برایەتی لەسەر هەق بە هەموو لایەک ببەخشێت".