Sarmand Hameed
07 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2022
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، نیگەرانی خۆی نیشاندا لە دەستنیشانکردنی چەند حاڵەتێکی تووشبوون بە جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە پارێزگای دهۆک و رایگەیاند، وەزیری تەندروستیی راسپاردووە بۆ ئەوەی تیمەکانیان ھەوڵی سنووردارکردنی بڵاوبوونهوهی بدەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تۆمارکردنی پێنج حاڵەتی تووشبوون بە جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند کە ئهندامانی یەک خێزانن.
لەوبارەیەوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیوویەتی: "پەیدابوونی چەند کەیسێکی ئۆمیکرۆن لە دهۆک مایهی نیگهرانین".
مەسرور بارزانی راشیگەیاندووه، کە وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستانی راسپاردووە بۆ ئەوەی تیمەکانیان ھەوڵی سنووردارکردنی بڵاوبوونهوهی بدەن.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە هاووڵاتییان کرد پابەندی رێنماییەکان بن و ڤاکسین وەربگرن و نووسیوویەتی: "داوا له كوردستانییان دهكهم پابەندبن به رێنماییەکان و ڤاكسین وهربگرن بۆ ئەوەی کوردستان پارێزراو بێت".
پێشتر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ئاسۆ حەویزی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاندبوو: "ئەو پێنج کەسەی تووشبوون، دوو کەسیان گومان دەکرا لە دەرەوەی وڵات تووشبووبن کە لە یەکێک لە وڵاتە عەرەبییەکان گەڕاونەتەوە، هەوکردنی سییەکان و هەندێک نیشانەی دیکەیان هەبوو، پاش ئەوەی کە سەلمێندرا کە تێستەکەیان پۆزەتیڤ بوو بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەبەر ئەوەی هەندێک پشکنینی تاقیگەیی پێشکەوتووی دەوێت، دەرکەوت کە هەڵگری جۆری گۆڕاوی ئۆمیکرۆنن، ئەو کەسانەش لەگەڵ خێزان و کەسوکاریان تێکەڵ بوونەتەوە و سێ کەسی دیکەش لە خیزانەکەیاندا هەن پاش پشکنین دەرکەوت ئەوانیش بەهەمان شێوە تووشبوون".
ئاسۆ حەویزی گوتیشی: "لە عێراقیش حاڵەتی تۆمارکراوی ئۆمیکرۆن هەیە و ئەوانیش رایدەگەیەنن و ژمارەی تووشبووەکانیش دیاری دەکەن".
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەربارەی دۆخی تەندروستی ئەو تووشبووە تۆمارکراوانە رایگەیاندبوو: "خۆشبەختانە ئەو تووشبووانە باری تەندروستییان جێگیرە و پێویستیان بە داخڵکردن نەبووە لە نەخۆشخانە و لەماڵی خۆیاندان، تەنیا ئەوەندەیە لەژێر چاودێری پزیشکییدان".