Zana Natık Kerem
16 کانوونی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2024
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی بە توندی ئەو ھێرشە مووشەکییانەی کە شەوی ڕابردوو، لەلایەن ئێرانەوە کرایە سەر شاری ھەولێر سەرکۆنە کرد و ڕایگەیاند: "ھەموو لایەک ئاگادارن، ھەر لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە ھەتا ئێستا بە دەیانجار شاری ھەولێر کەوتۆتە ژێر ھێرشی ناڕەوای مووشەک و درۆنەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و ھێزە ھاودەستەکانیان. ئەو ھێرش و پەلامارانە زوڵم و ناحەقییەکی ئاشکرایە بەرانبەر خەڵکی کوردستان".
مەسعود بارزانی پەیامێکی لەبارەی ھێرشە مووشەکییەکانی شەوی ڕابردووی ئێران بۆسەر شاری ھەولێر بڵاو کردەوە و تیایدا ھاتووە: "ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە و ئەوانەی لەپشتەوەی ھێرشەکانی سەر ھەولێرن، خۆیان زۆر چاک دەزانن کە بوختان و بیانوو و ئیدعاکانیان ھیچ بنەمایەکی نيیە و بۆ داپۆشینی کێشە و گرفتەکانیان ئەو دەستدرێژی و زوڵمە لە دژی ھەولێر و خەڵکی کوردستان ئەنجام دەدەن".
ھەروەھا مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا بە توندی ھێرشە مووشەکییەکانی شەوی ڕابردووی ئێران بۆسەر شاری ھەولێر سەرکۆنە کردووە و ڕایگەیاندووە: "ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری ھەیە، ئەوەتا لە دوایین پەلامار و تاوانیاندا شەوی ڕابردوو خێزانێکی بێتاوانی ھەولێریان کۆمەڵکوژ کردووە کە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەکەین. گومانی تێدا نییە ئەو پەلامارە نە مەردایەتییە و نە شەھامەتە بەڵکو ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ تاوانباران".
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوەش کردووە ئەو بیانوانەی کە پەلاماردەران تاوانەکانیان لەدژی ھەولێر و خەڵکى دەھێننەوە ھیچ بنەمایەکی نییە و گوتوویەتی: "لێرەدا ڕووی قسەم بۆ گەلانی ئێرانە و ھەمیشە ڕێز و حورمەتمان بۆ گەلانی ئێران ھەیە و دەستی دۆستایەتی و برایەتیمان بۆ درێژ کردووە، دەمەوێت دڵنیایان بکەمەوە ئەو بیانوانەی کە بۆ پەلاماردەران و تاوانەکانیان لەدژی ھەولێر و خەڵکی کوردستان دەھێننەوە ھیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نییە و دوورە لە ڕاستی، داواتان لێ دەکەم ئەگەر پەلاماردەران ڕێگەتان پێ بدەن، خۆتان وەرن بەچاوی خۆتان لە ھەولێر ڕاستییەکان ببین و بزانن کە تاوانباران و پەلاماردەران چۆن چەواشەکاری دەرھەق گەلی کوردستان دەکەن و ئیدعاکانیان بێ بنەمان".
ئەوەشی خستووەتەڕوو: "ناکرێت ھەتاسەر ئەوان لەو زوڵمە بەردەوام بن و، ناشکرێ چیتر لەبەرانبەر ئەو ستەم و ناحەقییە بێدەنگ بین".
ئاماژەی بەوەشداوە: "پەیامیشم بۆ ئەنجامدەرانی پەلاماری مووشەک و درۆنەکانی ئێرانی ئەوەیە، شەھیدکردنی ژن و منداڵ و خەڵکی سڤیلی ئێمە ھیچ شانازی و سەربڵندی بۆ ئێوە تێدا نیيە. دەتوانن بمانکوژن بەڵام دڵنیابن ناتوانن ئیرادەمان لێ بستێنن و گەلی کوردستان پشتی بە خوا و ڕەوایەتیی دۆزەکەی قایمە و خودا لە ھەموو زاڵم و ھێزێک گەورەترە".
- ھێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆسەر شاری ھەولێر
شەوی ڕابردوو، ژمارەیەک مووشەکی بالیستی ئاراستەی چەند شوێنێکی ھەولێر و دەوروبەری کران و بەھۆیەوە چەند کەسێک بوونە قوربانی.
لای خۆیەوە ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان-عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی ھێرشە مووشەکییەكانی ئەمشەو بۆ سەر ھەولێر داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد بێدەنگ نەبن بەرامبەر بەو ھێرشە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمدا ھاتووە: "کاتژمێر١١:٣٠ی شەوی ١٥ لەسەر ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی ھەولێری بوردومان کرد، بەداخەوە بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان چوار ھاووڵاتیی سڤیل شەھید و شەش کەسی دیکەش بریندار بوو کە ڕەوشی تەندروستیی ھەندێک لە بریندارەکان ناجێگیرە".
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکە ئەوەشخراوەتەڕوو: "سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە، ئەم ھێرشە بۆ سەر چەند پێگەیەکی گرووپە دژبەرەکانی ئێران بووە. ئەم بیانووە بێ بنەمایە و ڕەتیدەکەینەوە، بەداخەوە ھەمیشە بیانووی بێ بنەما بۆ ھێرشکردنە سەر ھەولێر بەکار دێنن، ھەولێر وەک دەڤەرێکی سەقامگیر ھیچ کات سەرچاوەی ھەڕەشە نەبووە بۆ سەر ھیچ لایەنێک".
ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێم داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات بێدەنگ نەبن و تیایدا ھاتووە: "ئەمە پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەریی ھەرێم و عێراقە و پێویستە حکوومەتی فیدڕال و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو تاوانە بێدەنگ نەبن".
دوای ھێرشەکەش سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیاریەتی ھێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و ڕایگەیاند ھێرشەکان لە وەڵامی تاوانەکانی دژ بە ئێرانە و بنکە سیخووڕییەکان بە مووشەکی بالیستی کراونەتە ئامانج.
ھێرشەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەتوندی سەرکۆنە کرا.