Zana Natık Kerem
05 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی رایگەیاند کە راپەڕین بۆ گەلی کورد دەرفەت بوو، بۆ ئەوەی جیھان لە ئێش و ئازاری گەلی کوردستان بەئاگا بێتەوە و گوتی: "پەیامی راپەڕین دەبێ بۆ تاھەتایە بەرز و زیندوو بمێنێتەوە".
مەسعود بارزانی بەبۆنەی ٣١یەمین ساڵیادی راپەڕینی ئاداری ١٩٩١، پەیامێکی بڵاوکردەو و تیایدا ھاتووە "بە بۆنەی سی و یەکەمین ساڵیادی راپەڕینە مەزنەکەی گەلی کوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و تاک تاکی ھاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم".
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە کە راپەڕین یەکێکە لە سەروەری و دەستکەوتە گرانبەھاکانی گەلی کوردستان، خرۆشانی خەڵک دژی دامودەزگەی ستەمکار و داگیرکەر پەیامێکی زۆر ڕوون بوو کە سەرباری بوونی زوڵم و تۆقاندن، ویستی ئازادیخوازی و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاری ھەمیشە لە ناخی مرۆڤی کورددا ھەبووە و دەشمێنێ و رایگەیاندووە "شانازییەکی تری راپەڕین یەکڕیزیی گەل، پێشمەرگە، لایەنە سیاسییەکان، ھەروەھا پلان و دووربینیی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بوو و ئەم یەکڕیزییە بووە فاکتەرێکی بەھێز کە لە سەردەمێکی ئاڵۆز و تاریکدا سەرکەوتن و ئازادی مسۆگەر بکرێت".
مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوە داوە کە راپەڕین بۆ گەلی کورد دەرفەت بوو بۆ ئەوەی جیھان لە ئێش و ئازاری گەلی کوردستان بەئاگا بێتەوە بۆ پاراستنی گەلی کوردستان ھەنگاوی کردەیی بنێت، ھەروەھا دەرفەتێکی بێوێنە بوو بۆ پشتبەستن بە تواناکانی گەلی کوردستان و وەرگرتنەوەی ئەو مافانەی ساڵانی دوورودرێژ زەوتکرابوون.
راشیگەیاندووە "راپەڕین ھەڵگری بەھا و وانەی گەورە بوو لە راپەڕیندا گەلی کوردستان، نموونەی بەھا، ڕەوشتبەرزی، فەرھەنگی خۆیشی پێشانی جیھانیان و ناوچەکە دا، ھەروەھا بە ھەزاران سەربازی سوپای رژێم کەوتنە دەست خەڵک و پێشمەرگە، بەڵام تەنانەت یەک کەسیشیان ئازار نەدران و سەرپشک کران کە بچنە دەرەوەی وڵات، یان لە کوردستان بمێننەوە، یان بگەڕێنەوە ناو حکوومەت".
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەدا نووسیویەتی "لە یادی راپەڕینە مەزنەکەی بەھاری ١٩٩١ی کوردستاندا جەخت لە پەیامی ئاشتی و ئازادیخوازیی گەلی کوردستان دەکەینەوە، ئەم پەیامە دەبێ بۆ تاھەتایە بەرز و زیندوو بمێنێتەوە".