Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin,Rewa Mahmood Hasan
16 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2021
هەڵەبجە AA
بەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگای هەڵەبجە بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە میوانانی ناوخۆ و بیانی سیی و سێیەمین ساڵیادی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە کرایەوە.
قایمقامی هەڵەبجە، نوخشە ناسح دەربارەی رێورەسمەکانی یادەکە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "مەراسیمەکەمان سەرەتا لە کاتژمێر نۆ لە فلکەی عومەری خاوەرەوە بە رێپێوان دەستیپێکرد بۆسەر گڵکۆی شەهیدان لە سەرقەبرانی شەهیدانی هەڵەبجە، لەوێ تاجەگوڵینەی وەفامان لەسەر گڵکۆی قوربانییان دانا و وتارەکانیش لێرەبوون، کۆنسول و نوێنەری وڵاتان و میوانانی ناوخۆش لێرەن بۆ ئەوەی یادەکەمان لەگەڵ بکەنەوە".
قایمقامی هەڵەبجە راشیگەیاند "باڵیۆزی فەڕەنسا و شاندێکی حکوومەتی فەڕەنسا ئەمڕۆ هاتوونەتە ئێرە لەگەڵمانن، کۆبوونەوەمان لەگەڵ کردوون و چەندین دیدار و کۆبوونەوەی دیکەشیان دەبێت لە هەڵەبجە، دەستییان پڕە و پێداویستییەکانی نەخۆشخانەی کیمیابارانمان بۆ جێبەجێ دەکەن، جگە لەوانیش لەگەڵ بەریتانییەکانیش کۆبووینەوە و ئەوانیش هاتوون تاجەگوڵینەی خۆیان دانا و نوێنەری کۆنسولی ئەمریکاش لێرەبوو، بڕیاریش وایە کۆنسولی ئێرانیش لەگەڵمان لە یادکردنەوەکەدا بەشداربێت".