Heman Hussein Yaseen
03 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 04 ئاب 2020
ههولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رادەگەیەنێت کە بهردهوامن لەسەر ھەوڵەکانیان بۆ دابینکردنی سەقامگیری و گێڕانەوەی ئارامی و ئاوەدانکردنەوەی شنگال و کردنی بە پارێزگا و، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە شنگال کراوەتە مۆڵگەی چەکدارانی نایاسایی کە بێباکانە لەسەر برین و خەمی ئێزدییان خەریکی بەڕێوەبردنی ئەجێندا و بەرنامەی سیاسیانن.
لە پەیامێکدا کە بە بۆنەی شەشەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان بڵاویکردووتەوە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ئاماژە بەوەی داوە کە، "ئەمڕۆ بە ئازارێکی قووڵەوە یادی شەش ساڵەی جینۆسایدی ئێزدییان و کارەساتی شنگال دەکەینەوە. بە ڕێز و شکۆوە ھەموو ئەو خوشک و برا ئێزدییانەمان بەبیر دەھێنینەوە کە بوونە قوربانیی تاوانکارییەکی بێھاوتای تیرۆرستانی داعش. ھیچ کەسێک بڕوای نەدەکرد لە سەدەی بیست و یەکدا مرۆڤایەتی جارێکی دیکە مەرگەساتێکی وا دەبینێتەوە کە ھەموو جیھان شۆک دەکات".
ئەوەشخراوەتەڕوو کە، "لە کاتێکدا ئەم یادە بەئازارە دەکەینەوە، بەداخەوە ھێشتا برینی خوشک و برایانی ئێزدیمان خوێنی لێ دەچۆڕیت و بە ھەزارانیان لە کەمپەکانی ئاوارەییدا دەگوزەرێنن. شنگال و ناوچەکانی دیکەی ئێزدییان ھێشتا ئاوەدان نەکراونەتەوە و زەمینەیەکی لەباری گەڕانەوەی سەقامگیری و گێڕانەوەی ژیانیان تێدا نییە. شنگال کراوەتە مۆڵگەی چەکدارانی نایاسایی کە بێباکانە لەسەر برین و خەمی ئێزدییان خەریکی بەڕێوەبردنی ئەجێندا و بەرنامەی سیاسیانن".
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاندووە کە: ''لەم یادەدا دووپاتی دەکەینەوە کە ھەرێمی کوردستان لەسەر ھەوڵەکانی بۆ دابینکردنی سەقامگیری و گێڕانەوەی ئارامی و ئاوەدانکردنەوەی شنگال و کردنی بە پارێزگا بەردەوام دەبێت، بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق و ئیدارەی پارێزگای مووسڵ ھەموو ھاوکاری و ھەماھەنگییەک دەکات، ھەروەھا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش کار دەکات تا بە ھاوکاریی یوئێن و یونیتاد ئەو تاوانە بە جینۆساید دەناسرێت و تاوانکاران دەدرێنە دادگا و قوربانییان قەرەبوو دەکرێنەوە''.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڵێنی بە کەسوکاری رفێنراوە ئێزدییەکان داوە کە لە گەڕان و رزگارکردنیان و ھەوڵدان بۆ زانینی چارەنووسیان بەردەوام دەبین و دەڵێت: "ئاماژە بەوەشکراوە کە، خوشک و برایانی ئێزدی بە ھەزاران ساڵ لەسەر زێدی خۆیان بڕوا و ئایینی خۆیان پاراستووە و ھەمیشە ھۆکارێکی گرنگ و کارای کولتووری پێکەوەژیان و لێبوردەیی بوون و بۆ ھەمیشە ھەروا دەمێننەوە. لەم یادەدا جەخت لە قوڵکردنەوەی ئەو کولتوورە دەکەینەوە و ھەموو پێکھاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان دڵنیا دەکەینەوە کە کوردستان بە لانکەی ئارام و پارێزراوی ھەمووان دەمێنێتەوە، ھەروەھا بەڵێنیش بۆ کەسوکاری رفێنراوان دووپات دەکەینەوە لە گەڕان و رزگارکردنیان و ھەوڵدان بۆ زانینی چارەنووسیان بەردەوام دەبین".
لە کۆتایی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانیدا ھاتووە: ''سڵاو لە گیانی پاکی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، شنگالیان رزگار کرد و لەوپێناوەدا گیانیان بەخشی. سوپاس و پێزانین بۆ ھەموو ئەوانەی لە ناوخۆ و دەرەوە ھاوکارییان پێشکەش بە ئێزدییان کرد. خوشک و برایانی ئێزدی دڵنیا دەکەینەوە بۆ دابینکردنی دادپەروەری و داھاتوویەکی باشتر ھەمیشە لەگەڵیاندا دەبین".