Sarmand Hameed
03 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2020
بەغدا - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی پێشوازی لە حامد سەعید، ئەو نەوجەوانەی رۆژی رابردوو گرتە ڤیدیۆی سووکایەتی پێکردنی لە مێدیاکان و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاوکرایەوە، کرد.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، "کازمی پێشوازی لە حامد سەعید کردووە کە رووبەڕووی کارێکی نا ئەخلاقی و نایاسایی بووەوە".
لە راگەیەنراوەکەدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، تیایدا ئاماژە بەوە دراوە کە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، مستەفا کازمی بڕیاریداوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بەمەستی دیاریکردنی ناوی سەرپێچیکاران لە هێزەکانی پاراستنی یاسا و کۆتاییهێنان بە راژەی کارکردنیان هەروەها رەوانەکردنی دۆسیەکانیان بۆ دادگا.

جێی ئاماژەیە، دوێنی بەشێک لە میدیاکانی عێراق و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی گرتەیەکی ڤیدیۆیان بڵاوکردەوە کە تیایدا دەردەکەوێت هێزە ئەمنییەکان بەدڕندەترین شێوە سووکایەتی بە نەوجەوانێک دەکەن.
لەلای خۆیەوە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ئەو نەواجەوانە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری رابردوو بەتاوانی دزینی ماتۆڕسکیلێک راگیراوە، رووداوەکەش ٢٠ رۆژ پێش دەستگیرکردنی روویداوە.