Dlshad Saifaalddin Ahmed
18 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2019
ھەولێر ـ AA
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ژان ئیڤ لودریان لەکۆبوونەوەیەکدا لە ھەولێر، دۆخی ئێستای عێراق و گفتوگۆ و بەرەوپێش چوونی پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا، گرنگیی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و ئایندەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ فەرەنسا و چۆنیەتیی بەرەوپێشبردنیان تاوتوێ کرد، ھەروەھا بیروڕایان سەبارەت بە دوایین پێشھات و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە بەگشتی و دۆخی سووریا و پێکدادان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕۆژھەڵاتی فورات گۆڕییەوە.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا وێڕای نیشاندانی خۆشحاڵی بەوەی بۆ جاری حەوتەمە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات، دووپاتی کردەوە کە سەردانیان لەم کاتەدا بۆ نیشاندانی پشتگیریی سەرۆکی وڵاتەکەی، ماکرۆن و فەرەنسایە بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا بۆ ئەوەیە لە نزیکەوە دەربارەی دۆخی ناوچەکە و مەترسیی سەرھەڵدانەوەی داعش و چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی لەلایەن ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە، لەگەڵ پێشھاتەکانی سووریا و ھەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕ تاوتوێ بکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا کە جێگرانی سەرۆکی ھەرێم و جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و شاندی ھەردوولا ئامادەی بوون، نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی ھەرێمی کوردستانی بۆ فەرەنسا و ماکرۆن دووپات کردەوە کە لە کاتە سەختەکاندا ھاوکاری و پشتگیریی ھەرێمی کوردستانیان کردووە.
ھەروەھا ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی فەرەنساشی لەم دۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکەدا وەک پشتگیری و بایەخ و گرنگیپێدانی فەرەنسا بە ھەرێمی کوردستان و ئارامی و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە بەگشتی لە قەڵەم دا.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەسەردانێک لە بەغداوە گەیشتە ھەرێمی کوردستان.