Heman Hussein Yaseen
26 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 28 تشرینی یەکەم 2021
ههولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، لە میانی یەکەم رۆژی چالاکییەکانی دیداری مێری کە لەژێر ناونیشانی "عێراقیکی سەقامگیر بۆ ھەرێمێکی سەقامگیر" سازکراوە، ئاماژەی بەسەقامگیریی ناوچەکە کرد و، رۆڵی پەکەکەی وەک ھەڕەشەیەک بۆسەر ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە ناوبرد و رایگەیاند کە "پێویستە پەکەکە بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە".
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لەبارەی پەیوەندییەکانییان لەگەڵ کۆماری تورکیا و بەتایبەت پرسی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە عێراق گوتی: ''ئەگەر ئێمە سەیری بابەتەکە بە واقیعی بکەین، دەبێت بپرسین کە ئەرێ تورکیا بۆ وادەکات؟ کە ئەمەیان زۆر گرنگە، ئایا دروستە عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە ببێتە سەرچاوەی ھەڕەشە بۆ وڵاتانی دراوسێ؟، بێگومان بە بۆچوونی ئێمە، عێراق و ھەرێمی کوردستان نابێت ببنە سەرچاوەی ھەڕەشە بۆ وڵاتانی دراوسێ، ئەوەی کە کێشەکەی قوڵتر کردووەتەوە، پەکەکەیە، پەکەکە کێشەیەکی گەورەیە بۆ ھەرێمی کوردستان، پەکەکە ئەمڕۆ ناتوانێت لەناو تورکیا ھیچ عەمەلییەکی سەربازیی بکات، بەڵام ئەم ئاڵۆزیانە دەھێنێتە ھەرێمی کوردستان و کێشە دروست دەکات''.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: ''بێگومان ھۆکارەکەی ئەوەیە کە پەکەکە کێشەی دروست دەکات، ئەگەر پەکەکە ئەوە نەکات، ئەوکات زۆر بە ئاسانی دەتوانین بە دەنگێکی بەرز بە تورکیا یان ھەر وڵاتێک بڵێین ئێوە حەقی خۆتان نییە ئەم کارە بکەن، بەڵام کە پەکەکە نە رێز لە بڕیارەکانی حکوومەت دەگرێت و نە پابەندی ھیچ بڕیارێکی پەرلەمان کوردستان دەبێت، وە لە رۆژی یەکەمیشەوە زۆر بە عەلەنی دژایەتی پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە، ئێمە چ تەوەقوعێک لە تورکیا بکەین، کەواتا ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە کە پێویستە پەکەکە پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆیدا بکات، دەبێت ھەرێمی کوردستان سەرچاوەی ھەڕەشە نەبێت، نە بۆ تورکیا و نە بۆ ئێران، ھەرێمی کوردستان نابێت بهھەشتێکی ھێمن بێت بۆ ئەوەی ئەوان بچن عەمەلیاتی سەربازی بکەن و بگەڕێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، دەبێت رێز لە سەروەری عێراق و ھەرێمی کوردستان بگرن''.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی له بەشێكی دیكهی قسهكانیدا ئاماژهی به رێككهوتنی شنگال كرد كه لهنێوان ههرێمی كوردستان و حكوومهتی عێراق واژووكراوه بۆ ئاساییكردنهوهی دۆخی ناوچهكه و رایگهیاند كه پهكهكه بووهته هۆكار بۆ جێبهجێنهكردنی رێككهوتنهكه وگوتی: ''رووی گلەییم لە عێراقە، ئەوەی ئەمڕۆ لە شنگال دەگوزەرێت، پەکەکەیە. حکوومەتی ھەرێم رێککەوتنێکی زۆر باشی لەگەڵ بەغدا واژووکردووە، بۆ ئەم رێککەوتنە لە شنگال جێبەجێ ناکرێت، حکوومەتی عێراق زۆر باش دەزانێت یەکێک لە ھۆکارەکانی جێبەجێ نەکردنی ئەم رێککەوتنە، بوونی پەکەکەیە لە شنگال، زۆر بەداخەوە، ئیمکانیات و پارەشیان لە بەغداوە پێ دەدرێت، ئەمە کێشەیەکە دەبێت ھەوڵی چارەسەری بۆ بدرێت''.