Heman Hussein Yaseen
25 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 28 کانوونی دووەم 2021
ههولێر - AA
بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی له وهزارهتی گواستنهوه و گهیاندنی حكوومهتی ههرێمی كوردستان وێڕای ئاماژهدان بهوهی، تا ٢٢ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، ترس و دڵەڕاوکێی جووتیاران سەبارەت بە وشكەساڵیی لە جێی خۆیدا بوو، جهختی لهوهشكردهوه كه، لە دوای ١٥ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ قۆناغێکی دیکە بووه کە دووبارە وەرزی زستان گەڕاوهتهوه بۆ ناوچەکە. هاوكات بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاوی سەربە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاشكرایكرد كه، بەنداوە بچووکەکان پڕبوونه لە ئاو و بەنداوە گەورەکانیش بەراورد بە پارساڵ جیاوازە و ئەمساڵ سەدا ٦٠ بۆ ٧٠ بەراورد بە پارساڵ باران باریووه.
لهبارهی دۆخی كهشوههوا و بارانبارین له ههرێمی كوردستان، بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان، فازڵ ئیبراھیم له لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژهی بهوهكرد كه، وەرزی بارانبارین لە ھەرێمی کوردستان لە ١ی تشرینی یەکەم دەستپێدەکات تا ٣١ی ئایاری ساڵی دواتر و، رایگهیاند "ئەمساڵ جگه لهوهی باران دواکەوت، لە کۆتایی ساڵی رابردوودا ماوەی ٢٥ رۆژ دابڕانێکی زۆری بارانبارین ھەبوو، ئەمەش وایکرد کە تا ئێستا رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ کەمتربێت بەراورد بە پارساڵ".
فازڵ ئیبراھیم جهختی لهوهكردهوه كه، ئەوەی جێگای دڵخۆشییە لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵهوه تا ئێستا دوو شەپۆلی بارانبارین ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و رایگهیاند "بەپێی ئەو نەخشانەی لەبەردەستدان، کۆتایی ئەم ھەفتەیەش شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین ناوچەکە دەگرێتەوە و ئەمەش ھاوکار دەبێت بۆ رەواندنەوەی ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەی کە باس لە بوونی وشكەساڵی دهكات لە ناوچەکە".
سەبارەت بە رێژەی بارانبارینی ئەمساڵیش بەراورد بە پارساڵ، فازڵ ئیبراھیم گوتى: "لە پارێزگای ھەولێر تا ئێستا ١٠٠ ملم باران تۆمارکراوە، لە کاتێکدا پارساڵ لە ھەمانکاتدا ١٥٠ ملم بارانبارین ھەبووە، لە سلێمانی تا ئێستا ٢٥٤ ملم باران باریووە لە کاتێکدا پارساڵ تا ئهمڕۆ ٣٢٤ ملم باران تۆمارکرابوو، هاوكات له پارێزگای دھۆک ١٦٢ ملم باران تۆمارکراوە و پارساڵ ٢٩٤ ملم تۆمارکرابوو، له پارێزگای کەرکووک تا ئێستا نزیکەی ٥٠ ملم تۆمارکراوە و پارساڵ لەم کاتەدا ١٦٠ ملم تۆمارکرابوو، له پارێزگای ھەڵەبجەش ١٦٥ ملم باران تۆمارکراوە و پارساڵ ٢٤٣ ملم تۆمارکرابوو. بەشێوەیەکی گشتی رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ بەراورد بە پارساڵ کەمترە بەڵام ئەو پێشبینییانەی کە ھەن دلخۆشکەرن بەوەی ئەو رێژەیە بەرزتر دهبێتهوه".
لە درێژهی قسەکانیدا بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان گوتيشى: "تا ٢٢ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، ترس و دڵەڕاوکێ سەبارەت بە وشكەساڵیی لە جێی خۆیدا بوو بەھۆی ئەوەی بارانبارین کەم بوو، ھاوکات سەرەتای وەرزی دارچاندنیش بوو لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام لە دوای ١٥ی کانوونی دووەمی ئەمساڵهوه دەتوانین بڵێین قۆناغێکی دیکە بووه کە دووبارە وەرزی زستان گەڕایەوە بۆ ناوچەکە، بەڵام ئەمە نیشانهی ئەوە نییە کە بڵێین گرفتمان نابێت، تا کۆتایی مانگی ئایار پێشبینی دەکەین لە وەرزی بەھار رێژەیەکی باشی باران بارین ھەبێت".
فازڵ ئیبراهیم باسی لهوهشكرد، بەشێوەیەکی گشتیی وشکەساڵیی ئەوەیە کە رێژەی دابارین کەمتره لە نیوەی تێکڕای خۆی، جگە لەوەش وشکە ساڵیی تهنها باران نەبارین نییە بەڵکو شێوازی دابەشبوونه لە وەرزی ساڵدا.
گوتیشی: "پێشبینی دەکرێت لە شەوی پێنجشەممە لەسەر ھەینی ئهم ههفتهیه بارانبارین دهست پێبكات و، بە گوێرەی نەخشە سەرەتاییەکان بڕێکی زۆر باران دەبارێت".
ھاوکات بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاوی سەربە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەکرەم ئەحمەد له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرایكرد كه، تا ئێستا بەنداوە بچووکەکان پڕبوون لە ئاو و بەنداوە گەورەکانیش بهراورد به پارساڵ جیاوازیی ھەیە، ئەوەش بەھۆی ئاستی بارانبارینەوەیە کە ئەمساڵ کەمتر بووە.
ئهكرهم ئهحمهد راشیگهیاند: "دۆخی کشتوکاڵ باش نییە و پێویستی بە ئاوە، ئەوەی تا ئێستا سەیرمان کردووە، باران بە رێژەی سەدا ٦٠ بۆ ٧٠ی پارساڵ باریووە".
ناوبراو گوتیشی: "نزیکەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاو لە بەنداوی دوکان ھەیە، ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن مەتر سێجا لە بەنداوی دەربەندیخان ھەیە و بە گشتی تا ئێستا دۆخی بەنداوەکان خراپ نییە بهڵام بۆ بابهتی وشكهساڵیی، بهنداوهكان وهك باران گشتگیر نیین بۆ زهوییه كشتوكاڵییهكان و به دڵنیاییهوه باران باشتره".
لەبارەی پلانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بۆ پەرەپێدانی بواری ئاو، ئەکرەم ئەحمەد گوتی: "لە ماستەرپلانماندا ھەیە ٢٤٩ بەنداو دروست بکرێت و لەو ژمارەیەش ١٤ بەنداو تەواو بووە و ١٧ بەنداویش كاركردن تێیدا بەھۆی قەیرانی داراییەوە وهستاوه، کە ئەوانە بەنداوی گەورەن، پەیمانێکی زارەکی لە ئەنجوومەنی وەزیران ھەیە بۆ ئەوەی بتوانین تەوایان بکەین و ئهوهیشی كه دهمێنێتهوه دیراسەی ٤٠ بەنداومان ھەیە و، پلانمان ھەیە بەشێوەیەک لە شێوەکان وهك پڕۆژهی وهبهرهێنان بیانخهینه بواری جێبەجێکردنەوە".
لەبارەی مەترسی وشكەساڵییش، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاوی سەربە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئەوەی خستەڕوو کە، بەنداوەکان ناتوانن وشكەساڵی پڕ بکەنەوە چونکە باران گشتگیر دەبارێت و بەنداو ناتوانێت وەک باران رۆڵی ھەبێت لە ئاودانی زەویی.
لە ھەرێمی کوردستان ١٧ بەنداو و ١٠٠ حەوزی بچووک ھەیە کە سەرجەمیان توانای گلدانەوەی ١٠ ملیار مەتر سێجا ئاویان ھەیە و بهپێی ئامارهكانی بهڕێوهبهرایهتی گشتیی كهشناسی و بوومهلهرزهزانیی ههرێمی كوردستان، پارساڵ كۆی گشتی تێكڕای بارانبارین له ههریهك له پارێزگای ههولێر ٤١١،٥ ملم، له پارێزگای سلێمانی ٧٤٦ ملم، له پارێزگای دهۆك ٨١١،٣ ملم، له پارێزگای كهركووك ٣٠٢،٤ ملم و له پارێزگای ههڵهبجه ٥٤٤،١ ملم بارانبارین تۆماركراوه.
بهم شێوهیهش ئاستی بارانبارین تا ئێستا بهراورد به پارساڵ له ههولێر ٥١،٥ ملم، له سلێمانی ٦٥،٧ملم، له دهۆك ١٣٢،٦ملم، له كهركووك ١١٠،٩ ملم و، له پارێزگای ههڵهبجهش ٧٧،٨ ملم كهمتره.