Heman Hussein Yaseen
11 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 12 ئاب 2021
ههولێر - AA
ماوەی چەند رۆژێکە کێشەی کەمئاویی گەڕەکەکانی شاری ھەولێری گرتووەتەوە و خەڵکی ناچار بە کڕینی ئاو بە تانکەر کردووە و لە چەند رۆژی رابردووشدا، نرخی تانکەرێک ئاو گەیشتە ١٠٠ ھەزار و بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی تانکەری ئاو، چەند تانکەرێکیش دەستیان بەسەردا گیرا.
ئەمڕۆش لە درێژەی گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکان بەهۆی کەمئاویی، خەڵکی گەڕەکی باداوە لە شاری ھەولێر بۆ ماوەیەک شەقامی ١٠٠ مەتریان گرت و گرژی دروست بوو.
دوای گردبوونەوەکە، قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر، نەبەز عەبدولحەمید سەردانی گەڕەکەکەی کرد و دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەونییدا رایگەیاند: ''ماوەی چەند رۆژێکە بیری ژمارە حەوت لە گەڕەکی باداوە وشکی کردووە و دوای ھەموو ھەوڵەکان گەیشتینە ئەو ئەنجامە کە ئەم بیرە وشکی کردووە و ناتوانرێت ئیتر ئاو دابین بکات، بۆیە لە میانی ٤٨ کاتژمێری داھاتوودا، بیرێکی بەدیل بۆ ئەو شوێنە لێدەدرێت''.
نەبەز عەبدولحەمید گوتیشی: ''لە میانی ئەو ٤٨ کاتژمێرەشدا، ھەوڵ دەدەین لە رێگای تانکەرەکانی شارەوانی یان دەزگا خێرخوازییەکان ئاو بۆ ھاووڵاتییانی ئەو شوێنە دابین بکەین''.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتریش شارەزایانی بواری ئاسایشی ئاو، ھۆشدارییان لەبارەی سەرھەڵدانی کێشەی کەمئاویی دابوو، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش وشکەساڵی راگەیاندووە و لەئێستاشدا، کێشەی کەمئاویی لە بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری ھەولێر درێژەی ھەیە.