Heman Hussein Yaseen
14 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2022
هەولێر - AA
لە رۆژی ١٤ی شوباتی ھەموو ساڵێک لە سەرانسەری جیھاندا، خۆشەویستان رۆژێکی تایبەت بەسەر دەبەن بە گۆڕینەوەی دیاریی و نامەی خۆشەویستی و پێشکەشکردنی گوڵی سوور کاتێکی پڕ لە خۆشی بەسەردەبەن.
هاوشێوەی وڵاتانیش، لەم رۆژەدا لە ھەرێمی کوردستان، خۆشەویستان روو لە فرۆشگاکانی گوڵفرۆشی دەکەن بۆئەوەی گوڵی سوور پێشکەش بەیەکتر بکەن.
خاوەنی یەکێک لە فرۆشگاکانی گوڵفرۆشتن ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ ئەم بۆنەیە داوای ١٠ هەزار گوڵی سووریان کردووە و ئەوەش دەخاتەڕوو کە هەندێک لە کڕیارەکانییان چەند رۆژێک پێش ڤاڵانتاین سەردانی فرۆشگاکەیان دەکەن و خواستیان دەخەنەڕوو.
خاوەن فرۆشگای ئەمستردام بۆ گوڵی سروشتیی لە شاری ھەولێر، دەشتی حەمەدەمین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەگشتی گوڵ ٢٥ جۆری هەیە، هەندێکیان وەرزیین و هەندێکی دیکەش گوڵی چوار وەرزەن، ئەوەی ئێستا ئێمە تەرەکیزمان لەسەری هەیە، جۆری رۆزە کە گوڵێکی رەنگ سوورە، بێگومان لەبەر رۆژی ڤاڵانتاین و خۆشەویستی، زیاتر خواست لەسەر ئەم جۆرە هەیە، هەرچەندە ڤاڵانتاین تایبەت نییە بەیەک وڵات، بەڵکو تایبەتە بە هەموو جیهان، هەر بۆیەش بۆ ئەم یادە سەدا ٩٥ی گوڵەکانمان جۆری رۆزی سوورن".
دەشتی حەمەدەمین لەبارەی خواستی هاووڵاتییان و ژمارەی ئەو گوڵە سوورانەی لە رۆژی ڤاڵانتایندا دەفرۆشرێت گوتی: "بۆ ئەم یادە، ئێمە داوای ١٠ هەزار گوڵی رۆزی سوورمان کردووە و لەگەڵ بەشێکی دیکەیش لە جۆری دیکە، گوڵەکان هەمووی سوپەری هۆڵەندییە و کوالێتیی جیاوازە، چونکە بەپێی بەرهەمهێنانی وڵاتان کوالێتی گوڵەکان دەگۆڕێت، بۆیەش خەڵک چەند رۆژێک پێش ڤاڵانتاین سەردانمان دەکەن بۆ ئەوەی گوڵەکانیان بۆ ئامادە بکەین".
یەکێک لەو کەسانەی لەنێو فرۆشگاکەدا دەستی هاوسەرەکەی گرتبوو، هێنابووی بۆ ئەوەی چەپکە گوڵێکی بەبۆنەی رۆژی خۆشەویستییەوە پێشکەش بکات، ئاماژە بەوە دەکات کە لە ژیانی مرۆڤدا هەموو رۆژێک خۆشەویستی هەیە، بەڵام ڤاڵانتاین رۆژێکی تایبەتە و دەبێت بە جیاوازییەوە بەڕێ بکرێت.
سلێمان بەدرەددین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ژیانی مرۆڤدا هەموو رۆژێک هەر پەیوەستین بە خۆشەویستییەوە، بەڵام ڤاڵانتاین یادێکی سەرانسەرییە و بەجیاوازییەوە بەڕێی دەکەین، من گوڵ بۆ خێزانەکەم دەبەم، هەرچەندە ئەو زۆر شایانی زیاترە، بەڵام دەمەوێت ئەم رۆژە جیاواتربێت لە رۆژەکانی دیکە".
گوتیشی: "ئەم رۆژە (ڤاڵانتاین) پێشتر بەم شێوەیە گرنگیی پێنەدراوە، بەڵام سۆشیالمیدیا و کردنەوەی چەندین شوێنی گوڵفرۆشتن، کاریگەری لەسەر ئەوە هەیە کە خەڵک گوڵ بۆ خۆشەویستییەکانیان بکڕن و ئەم یادە بکەنەوە".
رۆژی خۆشەویستی یان جەژنی خۆشەویستی یان رۆژی قەشە ڤاڵانتاین لە بنەڕەتدا ئاھەنگێڕانێکی مەسیحییە و مێژووەکەی دەگەڕیتەوە بۆ سەدەی سێیەمی زایینی.
لە رۆژی ڤاڵانتاین ١٤ی شوباتی ھەموو ساڵێکدا، بەشێک لە خەڵکی ئاھەنگ بۆ یادی رۆژی قەشە ڤاڵانتاین و خۆشەویستی و سۆزداری دەگێڕن و خۆشەویستان لەم رۆژەدا، خۆشەویستی خۆیان دەردەبڕن بەشێوەی ناردنی کارتی ڤاڵانتاین، گوڵی سوور، نوقڵ و شیرینی بۆئەو کەسەی کە خۆشیان دەوێت.