Heman Hussein Yaseen
12 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 13 مای,س 2021
هەولێر - AA
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە کە شەوی رابردوو لە ئەنجامی پەلامارێکی تیرۆریستانی داعش بۆ سەنگەرێکی هێزی پێشمەرگە، پێشمەرگەیەک شەهید بوو، هۆشداریش دەدا کە تیرۆریستان جووڵە و بزاوتەکانیان زیادبووە و لە ئێستادا شێوازی شەڕ و پەلاماردانیان گۆڕیووە و، بەردەوام مەترسی دروست دەکەن.
وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە کە، لەماوەی رابردوودا، چەندین جار ھۆشداریمان دابوو، لەئەنجامی بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی، تیرۆریستانی داعش توانیویانە خۆیان رێکبخەنەوە و لە ئێستادا لە شێوەی گرووپ و مەفرەزەی جۆراوجۆر دەرکەوتوونەتەوە، بۆ سەلماندنی ئەو راستیەش، ماوە ماوە کردەوەیەکی دڕندانەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.
وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە، کاتژمێر ١٠ و ٣٠ خولەکی شەوی ١١ی ئایاری ٢٠٢١ تیرۆریستان پەلاماری سەنگەرێکی لیوای ١١٦ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانیان دا، لە سنووری قەزای کفری و لە ئەنجامی ئەو پەلامارە ترسنۆکانەیە، پێشمەرگەیەک بەناوی موحسین حوسێن گەرەوەیی شەھیدبوو. پەلامارەکە لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە، بەرپەرچ دراوەتەوە و تیرۆریستان راونران.
وەزارەتی پێشمەرگە جارێکی دیکە هۆشداریشیدا وە وەک لە بەشێکی راگەیاندراوەکەدا هاتووە: "جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە، کە تیرۆریستان جووڵە و بزاوتەکانیان زیادبووە و لە ئێستادا شێوازی شەڕ و پەلاماردانیان گۆڕیووە و، بەردەوام مەترسی دروست دەکەن".
ئەوەشخراوەتەڕوو کە، جەخت دەکەینەوە، بۆ رێگریکردن لەم رووداوانە و تێکشکاندنی تەواوەتی تیرۆریستان پێویستیمان بە رێککەوتنێکی گشتگیر و ھەمەلایەن، لەگەڵ سوپای عێراقدا ھەیە، بەدڵنیاییەوە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لەئاست ئەوکردەوانە بێدەنگ نابێت و لەکاتی خۆیدا وەڵامی توندی دەبێت، دڵنیاییش دەدەین بەخەڵکی کوردستان، کە ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، وەک ھەمیشە پارێزراوە و پێشمەرگەش جێگای باوەڕ و متمانەی ھەموو لایەکە".