Sarmand Hameed
27 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 28 مای,س 2022
هەولێر - AA
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان وەک هۆشدارییەک بە چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە کە بەرپرسیاریی رووداو و ئاڵۆزییەکانی رۆژی رابردووی پارێزگای دهۆک دەزانرێت، رایگەیاند، پاراستنی ئاسایش و ئارامی خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستان ئەرکی لەپێشینەی هێزەکانی پێشمەرگەیە وسازش ناكەن لەجێبەجێ كردنی ئەو ئەركەیان.
شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەبارەی پەلامارەکانی رۆژی رابردووی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە سنووری پارێزگای دهۆک، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەو دوو رووداوەی رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٢ وەبیرهێنراوەتەوە کە بە چەکی قەناس هێرش كرایە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و گوندەکانی ناوچەکە بۆردوومان كرا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "بەچەکی قەناس هێرش کراوەتە سەر سەنگەرێکی لیوای چواری پیادە لە گوندی کانی ماسی و پێشمەرگەیەک بە ناوی محەمەد فازل محەمەد بریندار بوو".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "لەکاتی هاوەن بارانکردنی ناوچەکانی بامەڕنێ گوللە هاوەنێک لەگوندی ئەرەدنا لە ناوچەی بامەڕنێ، لە قەزای ئامێدی پارێزگای دهۆک، کەوتووەتە خوارەوە و لە ئەنجامدا، دوو هاوڵاتیی بە ناوەکانی یوسف کۆڤان حاجی و ئەڤەند هۆشیار، شەهید بوون و دوو هاووڵاتییش بریندار بوون".
ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەم رووداوانە لەکاتێکدا بوون، کە هێزەکانی پێشمەرگە لەسەنگەرەکانی خۆیاندا بوون، هەروەها بەشێک لە گوندەکانی عەشیرەتی نێروەیی لە ئاهەنگێکی ناوچەییدا بوون لە گوندی ئەرەدنا، سەربە قەزای ئامێدی.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا وەک هۆشدارییەک بە رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە کە بەرپرسیاری ئەو کردەوانە دەزانرێت، هاتووە "ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنین کە؛ هێزەکانی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان نیگەرانن لەو كردەوانە و دەبێت هەموو لایەک تێبگەن کە؛ پاراستنی ئاسایش و ئارامی خەڵک و خاکی کوردستان ئەرکی لەپێشینەی هێزەکانی پێشمەرگەیە وسازش ناكەن لەجێبەجێ كردنی ئەو ئەركەیان".
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "هیوادارین پەکەکە لەو ناوچەیە هەوڵ نەدەن ئارامی و ئاشتەوایی هێزەکانی پێشمەرگە بقۆزنەوە. چونکە رێگە نادرێت چیتر لەم ناوچانەدا، ئاسایش و ئارامی خەڵک تێک بچێت و گیانی هاووڵاتییان و پێشمەرگە بکەوێتە مەترسییەوە".
رۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٢ دژە تیرۆری کوردستان، رایگەیاند، لە ئاکامی ھێرشی مووشەکیی تیرۆریستانی پەکەکە کە ئاراستەی گوندی ئەرەدنای سەربە ناحیەی بامەڕنێ سەربە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دھۆک دوو ھاووڵاتیی کوژراون و ھاووڵاتییەک بریندار بوو.
هاوکات قایمقامی ئامێدی، وارشین سەلمان بۆ ئاژانسی ئانادۆلو رایگەیاند "چەکدارانی پەکەکە بەردەوام ھەوڵدەدەن خەڵکی سڤیل بکەنە ئامانج؛ سێ رۆژ لەمەوبەر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، وێستگەی کەناڵی راگەیاندنیان کردە ئامانج و ئەو پەلامارەی رۆژی پێنجشەممەش لە ناوچەیەک بووە کە ھەموو خەڵکی سڤیلی تێدابووە و خەڵکەکە بەمەبەستی گەشتکردن روویان لەوێ کردبوو".