Heman Hussein Yaseen
03 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2021
هەولێر - AA
وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان لە بارەی جموجۆڵی پێشمەرگە لە ناوچەکانی مەخموور و قەرەچوغ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە ھیچ جووڵەپێکردنێکی نائاسایی بەرامبەر ھێزەکانی عێراق نەکراوە و ئەوەیشی کە روویداوە بەھۆی ھەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش بووە کە ماوەیەکە لە ناوچەکە زیادبوون.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ھاتووە "لەبارەی دەنگۆی جووڵەپێکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکانی مەخموور و قەرەچوغ، لێرەوە رایدەگەێینین کە ھیچ جووڵەپێکردنێکی نائاسایی بەرامبەر ھێزەکانی عێراق نەکراوە و ئەوەشی روویداوە، بەھۆکاری ئەوەی ماوەیەکە ھەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکانی چیای قەرەچوغ و مەخموور زیادبووە و زانیارییە ھەواڵگرییەکان ئەوە دووپاتدەکەنەوە کە داعش دەیەوێت کردەی تیرۆریستی لەو ناوچانە ئەنجامبدات".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو کە وەک ئامادەسازی بۆ ھەر مەترسی و جموجۆڵێکی تیرۆریستان لەو ناوچانەدا، بەشێک لە یەکە سەربازییەکانی ھێزی پێشمەرگە لە ناوچەکانی چیای قەرەچوغ و باکووری مەخموور خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و تەنھا مەبەست لەو ئامادەسازییەی ھێزەکانی پێشمەرگە، رێگریکردنە لە کردەی تیرۆریستان و پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە.
وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە کە پێشووتریش ھۆشداریمان دابوو لە مەترسییەکانی تیرۆریستان لەو ناوچانەدا کە بەھۆی بۆشایی ئەمنی لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ھەیە. لەم رووەشەوە بەردەوام داوای ھەماھەنگی ھاوبەشی سەربازیمان کردووە بۆ تێکشکانی تیرۆریستان.