Heman Hussein Yaseen
13 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2021
ههولێر - AA
دوای تەقینەوەی مینێکی چێنراو لەلایەن تیرۆریستانی پەکەکە لە نزیک گوندی بێرمکی سەر بە شارەدێی برادۆست کە بووە ھۆی گیانلەدەستدانی پێشمەرگەیەک و برینداربوونی پێشمەرگەیەکی دیکە، پارێزگاری ھەولێر لە پەیامێکدا وێڕای ناردنی پەیامی سەرەخۆشی بۆ بنەماڵەی تاریق قادر، ئیدانەی کردەوەکەی چەکدارانی پەکەکە دەکات.
لە پەیامەکەی پارێزگاری ھەولێر ئومێد خۆشناو دا ھاتووە: ''بەداخەوە ھەواڵی شەھیدبوونی پێشمەرگەی کوردستان تاریق قادر خالند- مان پێگەیشت کە شەوی ھەینی لە دەڤەری سیدەکان بەھۆی بۆمبێکی چێندراوی چەکدارانی پەکەکە بەئۆتۆمبێلێکدا تەقیەوە و لەئەنجامدا خۆی شەھید بوو و پێشمەرگەیەکی دیکەیش کە ھاوەڵی بوو بریندار بوو".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی ئومێد خۆشناو دا ھاتووە: ''بەمبۆنەیەوە، وێڕای ئیدانەکردنی توندی ئەم رەفتارەی چەکدارانی پەکەکە، پرسە و سەرخۆشی خۆمان ئاڕاستەی ئێوەی بەڕێز و کەس و کار و دۆستانی دەکەین و خۆمان بە ھاوبەشی خەمتان دەزانین، لە خودای گەورە داواکارین خوالێخۆشبوو بە بەھەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری بەئێوەی بەڕێز و کەسوکاری ببەخشێت و ئەمە دواناخۆشیتان بێت، ھەروەھا نزا دەکەین خودای گەورە شیفای کاک مزەفەر فەرھاد حەسەن بدات و بەسەلامەتی بگەڕێتەوە ناو خێزانەکەی''.
ئەمە لە کاتێکدایە کە شەوی رابردوو لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێک بە ئۆتۆمبێلێکدا کە دوو پێشمەرگەی تیادابوو، بووە ھۆی شەھیدبوونی پێشمەرگەیەک و برینداربوونی پێشمەرگەیەکی دیکە.